حیجابی ئیجباری پێویستە هەڵوەشێتەوە
دین لە دەوڵەت پێویستە جیا بێتەوە
دەوڵەتی مەزهەبی نابێ بمێنێت
کرێکاران، ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران
چ کەسانێک لە ئێوە هێستا بەوە نەگەیشتوون کە دەوڵەتی مەزهەبی چییه؟!
چاو لە کۆماری ئیسلامی، لەو ڕێژیمە هەوسارپچڕاوە بکەن!
چاو لێبکەن کە چلۆن یاساکان، ناوەندەکان و گشت دەزگای ڕەسمیی مەزهەب، کەوتووەتە خزمەت دامەزراندنی حکوومەتی تیرۆر و تۆقاندنی سەرمایەداران! بڕوانن کە چلۆن ئایات، ڕەوایات، شەریعەتی ئیسلام و یاسا مەزهەبییەکان بوونەتە ئامرازێک بۆ بێ مافی و سووکایەتی کردنی هەموو ڕۆژێ بە نیوەی کۆمەڵگە واتە ژنان، سەرکوتی کەمینە مەزهەبییەکان و زەوت کردنی ماف و ئازادیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی خەڵکی ئێران. بڕوانن کە چۆن مەهسا ئەمینی و هەزاران ژنی ئازادیخوازیان بە “تاوان”ی ڕەعایەت نەکردنی حیجاب ڕەوانەی زیندان و ئەشکەنجەخانەکان کرد و کوشتیانن.
چاولێبکەن کە چلۆن ڕێژیمی دەسەڵاتدار لەپێناو خزمەت بە سەرمایەداران و لە ڕێگەی یاسای مەزهەبییەوە، بێدادگاکان، زیندانەکان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕازاندووەتەوە تا هەمووجۆرە ناڕەزایەتییەکی جەماوەر دژبە هەژاری و بێ مافی و لەپێناو بەدەسهێنانی ئازادی، بە جەنایەتی ڕێکخراو وڵام بداتەوە و خوێنی هەزاران مرۆڤی ئازادە و شۆڕشگێڕ بڕێژێت!
بڕوانن کە چلۆن جەهل و خورافە و فریوی ڕەسمییان لە جیات زانست و کەلتوور داناوە! بڕوانن کە چۆن بە پەرەپێدانی کوێرترین دەمارگرژیی ئایینی لە ناو بەشێک لە بێخەبەرترینەکانی خەڵک، ئەوان لەناو حیزبوڵڵا و جۆندوڵڵا و لیباس شەخسییەکاندا ڕێک دەخەن و لەڕێگەی درۆ و فریوەوە بە هەیئەتی خوێنڕێژان و مرۆڤکوژان پەیوەستیان دەکەن.
کەڵک وەرگرتن لە مەزهەب وەک ئامرازێکی دەوڵەتی، ڕێوشوێنی باوی چینە دەسەڵاتدارەکان بووە. چینی سەرمایەدار بەردەوام لە ئامرازی مەزهەب بۆ فریو و بەڵاڕێدابردنی خەڵک کەڵکی وەرگرتووە. لە ئێران داسەپاندنی مەزهەبی ئیسلام وەک مەزهەبی ڕەسمی بەتەواوی لە خزمەت بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار و ڕووحانییەتی دەسەڵاتدار دایە. چینی سەرمایەدار بە پەرەپێدان بە دەمارگرژی مەزهەبی وەک ئامرازێک بۆ پێکهێنانی ناکۆکی و چەند دەستەیی لەناو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا کەڵک لێ وەردەگرێت.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران خوازیاری لەناوبردنی دەوڵەتی مەزهەبی و کۆتایی هێنان بە هەرجۆرە کەڵک وەرگرتن لە مەزهەبە وەک ئامرازێکی دەوڵەتی! دین پێویستە بەتەواوی لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە!
ئێمە دەڵێین: نابێ هیچ کام لە مەزهەبەکان، هیچ جۆرە دەخاڵەت و کاریگەرییەکیان لەسەر یاساکانی وڵات هەبێت!
ئێمە دەڵێین: ناوەند و دەزگا مەزهەبییەکان پێویستە بەتەواوی لە دەوڵەت جیا بکرێنەوە و هەرجۆرە پێدانی یارمەتی ماڵی و غەیرە ماڵی لە لایەن دەوڵەتەوە بە ناوەند و دامەزراوە مەزهەبییەکان هەڵوەشێتەوە!
ئێمە دەڵێین: بەرپرسانی مەزهەبی نابێ هیچ جۆرە ئیمتیازێکیان چ بۆ گەیشتن بە پۆستی دەوڵەتی و چ لە بەرامبەر یاساکانی وڵاتدا لە ئیختیار دا بێت و گشت هەڵاواردنە یاساییەکان بە پێی باوەڕمەندبوون بە مەزهەب پێویستە بەتەواوی هەڵوەشێتەوە.
ئێمە دەڵێین نابێ لە مەدرەسەکان، زانکۆکان و باقیی دامەزراوەکانی پەروەردە و بارهێنانی دەوڵەت، هیچ ڕەسم و ئایین و فێرکردنێکی مەزهەبی لەگۆڕێدا بێت!
ئێمە دەڵێین: هیچ کام لە مەزهەبەکان نابێ وەک مەزهەبی ڕەسمیی وڵات پێناسە بکرێن. دەوڵەت پێویستە مەزهەب وەک بابەتی کەسیی مرۆڤەکان پێناسە بکات و گشت جەماوەر لە ئاست مەزهەبی بوون یان نەبووندا ئازاد بن!
ئێمە لە یەکسانیی مافی هەموو مرۆڤەکان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی باوەڕی مەزهەبی، مەرام و عەقیدەی سیاسی دیفاع دەکەین و خوازیاری بەکردەوە دەرهاتنی کامڵی جیایی مەزهەب لە دەوڵەتین.
ئێمە ڕایدەگەیەنین کە:
چینی کرێکار لە یەکەمین ساتەکانی بەدەسەڵات گەیشتنییەوە، جیایی کامڵی مەزهەب لە دەوڵەت وەک بەشێک لە یاسای بنەڕەتیی وڵات ڕادەیەگەیەنێت و یاساکانی پێوەندیدار بە جیایی مەزهەب لە دەوڵەت دەستبەجێ و بە زەبری هێزی دەوڵەتی شووڕاکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوە دەبات!
بڕووخێ دەوڵەتی مەزهەبی!
بڕووخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران