عەلی خامنەیی وەلیی فەقیهی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لە دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی حکوومەتی و فەرماندەکانی سپای پاسداران و ئەرتەش بۆ جارێکی دیکە لەسەر ئیجباری بوونی حیجابی ئیسلامی “هەم لە بواری شەرعی و هەم لە بواری یاساییەوە” تەئکیدی کرد. ئەو وتی کە لە ڕوانگەی ئەوەوە دژایەتیی ژنان لەگەڵ حیجابی ئیجباری بە ئامانجی سەرەکیی “گەڕانەوەی وەزعیەت بۆ زەمانی بەر لە ئینقلاب – تاغووت” شکڵی گرتووە. ئەو هەروەها دژبەرانی حیجابی ئیجباریی لە ئێران “دامەزراو و ژێر نفووزی بێگانە” وەسف کرد و داوای لە بەرپرسانی حکوومەت کرد کە بۆ ڕەعایەتی حیجابی ئیجباری “ئەرکی شەرعی و یاسایی” خۆیان بەجێ بێنن. چەند ڕۆژ دوای وتەکانی خامنەیی، غوڵامحسێن موحسنی ئێژەی، شەوی یەکشەممە ١٩ی مانگی خاکەلێوە لە دیدار لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسانی میدیایی بەکرێگیراوی حکوومەت وتی: “لە بواری حیجاب و عیفافەوە وەزعێکی باشمان نییە. ئەگەرچی لەم بوارەدا هەوڵی جۆراوجۆر دراوە، بەڵام هێستا بە ئاکامی سەرەکی نەگەیشتووین”. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە نابێ چاوەڕێی گەڵاڵەی ناسراو بە “حیجاب و عیفاف” بن و ئیدیعای ئەوەی کرد کە هەر بەم زەرفییەتە قانوونییانەی ئێستاش دەتوانن بارودۆخەکە باشتر بکەن. سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژیمی ئیسلامی لە درێژەدا وتی: “لە شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی، دەزگای قەزایی ئەرکدار کرا کە گەڵاڵەیەک لەم پەیوەندەدا ئامادە بکات. ئێمە ئەم گەڵاڵەیەمان لە ٩ مادەدا گونجاند و ئەم ٩ مادەیە لە دەوڵەتدا بوو بە ١٥ مادە و لە مەجلیسیشدا بوو بە ٧١ مادە و هێستا بە سەرەنجام نەگەیشتووە”.
ئەم هەڕەشە و شاخ و شانە کێشانە دژبە ژنان لە کاتێکدایە کە سەرەڕای شەپۆلی یەک لە دوای یەکی سەرکوت و هاواری ئیمامانی جومعە و جەولەی حیجاببانان، ژنانی ئازادە و بێباکی ئێران بۆ پێداگری لەسەر مافی ئینسانی و بنەڕەتیی خۆیان لە هەڵبژاردنی جۆری پۆشین، بەردەوام بە بێ حیجابی ئیجباری دەچنە شوێنە گشتییەکان. هەڕەشەی خامنەیی و سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژیم نیشانەی ئەوەیە کە سەرانی ڕژیم سازماندانی شەپۆلێکی تازە لە هێرش بۆسەر ژنانیان خستووەتە دەستووری کارەوە. بەڵام هەر ئەوەیکە زیاتر لە یەک ساڵە دەوڵەت و مەجلیس و شۆرای نیگەهبان نەیانتوانیوە “لایەحەی حمایەت لە فەرهەنگی عیفاف و حیجاب” پەسند بکەن نیشانەی ئەوەیە کە خۆڕاگری و موقاومەتی بوێرانەی ژنان لە بەرابەر حیجابی ئیجباری، سەران و یاساداڕێژەرانی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامییان لە گیانی یەکتر بەرداوە. زیاتر لە یەک ساڵە هەندێک لە سەرانی ڕژیم و نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی لە ترسی ڕووخانی “دیواری بەرلینی حیجابی ئیجباری” و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر جەستەی ژنان، باس لە زەروورەتی گونجاندنی سزای توندی وەک شەللاق و دوورخستنەوە لەناو ئەم گەڵاڵەیە دەکەن. ژمارەیەکی دیکەش لە مۆرەکانی ڕژیم بۆ ڕەعایەتی حاڵی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و دڵپەڕۆشانی نیزام، لەسەر گرینگیی “کاری فەرهەنگی” تەئکید دەکەن.
ترسی سەرانی ڕژیم لە ڕووخانی دیواری بەرلینی حیجابی ئیجباری و دەربڕینی ئەمجۆرە نیگەرانییانە و هەڕەشەکانی خامنەیی و موحسنی ئێژەیی و مەقاماتی دیکەی حکوومەت لە هەمان کاتدا کە وشک مێشک بوون و کۆنەپەرستیی تۆخی سەران و کارگێڕانی ڕژیم نیشان دەدات، هاوکات نیشانەی واقعیی گۆڕانی بارودۆخ و گۆڕانی هاوسەنگیی هێزە لەئاستی کۆمەڵگەدا. ئەم هاوسەنگییە تازەیەی هێز بەرە بەرە و لە ئاکامی زیاتر لە چل ساڵ خەباتی سەنگەر بە سەنگەری ژنان لەدژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و سیاسەتی دژی ژنی حکوومەتی ئیسلامی بووەتە ئەمری واقع. خەباتی بێپسانەوەی ژنان لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو و بۆ نموونە بەشداریی بەرینی ژنانی ئازادیخواز لە ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، و پێشەنگایەتیی ئەوان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی سەرچاوەی ئەو موقاومەتە بەرینەیە کە ئەمڕۆ لە بواری خەبات بەدژی حیجابی ئیجباری خۆی نیشان دەدات و سەرانی ڕژیم و فەرماندەکانی هێزی ئینتزامی هیلاک و هەراسان کردووە. ئەو دەستەیە لە سەرانی حکوومەتی ئیسلامی کە نوسخەی شەللاق و دوورخستنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێحیجابی دەپێچن دەبێ بزانن کە ئەم حکوومەتە ئیسلامییە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا، ئەوپەڕی کردەوەی دژەئینسانی و جەنایەتکارانەی خۆی بۆ نموونە شەللاق و زیندان و ئەشکەنجەی دژبە خەباتی ژنان بەکارهێنا، بەڵام نەیتوانی ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز چاوترسێن بکات. بەشداریی بەرچاوی ژنان لە ئاخێزە ئینقلابییەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و حزووری ئەوان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی نیشانی دا کە ژنانی ئێران بۆ وەدێهێنانی خواستە ئینسانییەکانی خۆیان پێیان ناوەتە ڕێگای خەباتێکی سەرنگەر بە سەنگەرەوە و کردەوەی تاوانکارانەی ڕژیم لەسەر عەزم و ئێرادەیان کاریگەر نییە. ئەمڕۆ ئاکامی وەها خەباتێکی گیانفیدایانە و درێژخایەن و سەنگەر بە سەنگەری ژنان، لە جەماوەری بوونەوەی خەبات دژبە حیجابی ئیجباریدا دەبینین.
دیارە خەبات لەدژی حیجابی ئیجباری بوارێک نییە کە بەتەنیا بەرینایی خەباتی ڕزگاریبەخشی ژنانی ئێران نیشان بدا، بەڵام موقاومەت بەرانبەر بە حیجابی ئیجباری ئەمڕۆ بووەتە هێمایەک لە خۆڕاگری دژبە یاسای ئیسلامی و نادیدەگرتنی دەستوورای حکوومەتی. کۆنتڕۆڵی دیاردەی بێ حیجابی لەدەستی ڕژیم چووەتە دەرێ و هەر ئەم واقعیەتەشە کە بەمجۆرە خامنەیی و سەرانی دیکەی حکوومەتی نیگەران کردووە. هێزی ڕەوانەکراو بۆ شەقام و زانکۆکان ناتوانن پاشەکشە بەو ژنانە بکەن کە حیجاب و ڕووسەرییان لەسەر کردووەتەوە و یاسا ئیسلامییەکانیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە. جەماوەری بوونەوەی ئەم خەباتە ڕژیمی لەبەرامبەریدا داماو و بێتوانا کردووە. هەڕەشەکانی خامنەیی و سەرۆکی دەزگای قەزایی نەک نیشانەی هێز و دەسەڵات، بەڵکوو لەڕاستیدا دان پێدانان بە داماوی و شکستیانە. کۆماری ئیسلامی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتیدا هەرچی لە توانایدا بووە دژبە ژنان بەکاری هێناوە. حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداران نە لە بواری پەسندکردنی یاسای دژی ژن و نە لە بواری داسەپاندنی زۆر و توندوتیژیی ڕاستەوخۆدا هیچ بۆشاییەکی نەهێشتووەتە کە ئەمڕۆ بیهەوێ بە کردەوەی “بەدەر لە یاسا” پڕی بکاتەوە.
خەباتی هاوبەشی ژنان و پیاوانێک کە حیجابی ئیجیارییان پێ سووکایەتییە بە حورمەتی ئینسانییان، لە یەک هەنگاویی سەرکەوتندایە. کاتی ئەوە هاتووە کە ژنانی ئێران بە فڕێدانی ئەو حیجابەی کە بە زەبری سەرکوت بەسەریاندا سەپاوە، هەموو یاساکانی ئەم بوارە هەڵوەشێننەوە. ئەو خەباتەی کە بە سووتاندنی ڕووسەری لەسەر شەقام چووە قۆناغێکی نوێوە دەتوانێ لێبڕاوانە بەسەرەنجام بگات. بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران و بەتایبەت بەشە چەپ و سۆسیالیستییەکەی دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاوی لەم هەڵمەتەدا هەبێت. ژنانی ئازادیخوازی ئێران لە یەک هەنگاویی سەرکەوتن و ڕژیم لەسەر هەڵدێری بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێحیجابییە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran