بەدوای دۆزرانەوەی تەرمی شەش دیلی ئیسڕائیلی لە حەشارگەکانی شارێ رەفەح لە غززە، شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە ١١ی خەرمانان، بە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئیسرائیل لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە، هاتنە سەر شەقامەکان و بەوتنەوەی درووشم لەدژی دەوڵەتی نەتانیاهوو، خوازیاری ڕێککەوتنی خێرا لەگەڵ حەماس بە مەبەستی ئازاد کردنی دیلەکان بوون.
ڕاگەیەنەرەکانی ئیسرائیل ژمارەی خۆپیشاندەرانیان ٥٠٠ هەزار کەس ڕاگەیاندووە، بەڵام ڕۆژنامەی تایمزی ئیسڕائیل لە ڕاپۆرێکیدا ڕایگەیاندووە، لەم خۆپیشاندانە کە یەکێک لە گەورەترین خۆپیشاندانەکان دژبە دەوڵەتی نەتانیاهوویە، تەنیا لەشاری تێلاڤیڤ پایتەختی ئیسڕائیل، ٣٠٠ هەزار کەس هاتوونەتە سەر شەقامەکان. شایانی باسە، خۆپیشاندەران بەوتنەوەی چەندین درووشمی ئێعتڕازی وەک “ئێستا ئێستا”، و “ئەوانمان زیندوو دەوێت”، داوایان لە بێنیامین نەتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە کرد کە بە مەبەستی ڕزگار کردنی گیانی دیلەکان، هەرچی زووتر لەگەڵ حەماس بگەن بەڕێککەوتن.