لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی پاوە، کامیاران، مەریوان و دولفان بە ناوەکانی میلاد بابایی شیرخانی، عوسمان داج، مەهیار قوربانی و فاتمە قوبایان تەمەن ١٤ ساڵ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی خەڵکی پاوە بە ناوی میلاد بابایی شیرخانی بە هۆی بێکاری و هەژاری خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانان، پیاوێکی خەڵکی گوندی نێ و دانیشتووی مەریوان بە ناوی عوسمان داج بە هۆی گیروگرفتەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و لە ئاکامدا گیانی لە دەست داوە.
هەمان ڕۆژ، لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی کامێران بە ناوی مەهیار قوربانی بە هۆکارێکی ناڕوون خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەروەها، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەرمانان، کچێکی ١٤ ساڵەی خەڵکی گوندی ماسی مردوو سەر بە شاری دولفانی پارێزگای لوڕستان بە ناوی فاتمە قوبادیان خۆی هەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە.