کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ و دانیشتووی شاری کرماشان بە ناوی “شەکیلا غوڵامی”، بەهۆی بەردەوامیی گوشارەکانی بنەماڵەکەی بۆ ڕازیبوون بە هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەگەڵ پیاوێک کە خۆیان بۆی دەستنیشانیان کردبوو، بەناچار هەوڵی خۆکوژی داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی جۆزەردان، شەکیلا غوڵامی، تەمەن ١٥ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی “دەرەدرێژ”ی شاری کرماشان، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کچە مێرمنداڵە، ئارەزووی درێژەدان بە خوێندنی هەبوو و لەگەڵ ئەوەشدا باوکی هەوڵی داوە بە شێوەیەکی زۆرەملێ شەکیلا ناچار بکات کە ڕازی بێت و شوو بەو کەسە بکات کە بنەماڵەکەی بۆی دەستنیشانیان کردووە. لەبەر ئەم هۆکارە ناوبراو لە کاتێکدا دەستگیراندار بووە، بەهۆی گوشاری دەروونیی بنەماڵەکەیەوە بە چەکەکەی باوکی تەقەی لە خۆی کردووە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.