خەبات دژبە هەژاری و گرانی، بەستێنی سەرانسەری کردنەوەی خەباتی کرێکاری و جەماوەری
ئبراهیم ڕەئیسی لە جەرەیانی کێبەرکێی هەڵبژاردنەکانی سەرک کۆماریی دەوڵەتی سێزدەهەم، لە سەفەری تەبلیغاتیی ئۆستانەکان و چەندین بەرنامە تەلەڤیزیۆنی و بەرەنگاربوونەوەی نێوان کاندیدەکان، بە بەڵێنی یەک ڕەقەمی کردنی تەوەرۆم، سازکردنی ساڵانە یەک ملیۆن مەسکەن، یەکسانکردنی حقووقی خەڵک لەگەڵ تەوەرۆم، کۆنتڕۆڵکردنی گرانی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گرانی، کۆتایی هێنان بە ڕانتخۆری و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی، پێکهێنانی ساڵانە یەک ملیۆن پیشە و هێنانە خوارەوەی ٥٠ لەسەدیی هەزینەی دەرمان هاتە سەر کار. ئەوانە تەنیا بەشێکی بچووک لەو وادە و بەڵێنانەن کە لە بواری ئابووری، بەڕێوەبەری، سڵامەت و تەندرووستی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسەتی دەرەوە، بە جەمعییەتی زیاتر ٨٠ ملیۆن کەسیی ئێرانی داوە. ناوبراو وێڕای ئاماژە بەوەیکە دەوڵەت ئیمکاناتی پێویستی بۆ ڕیشەکێشکردنی هەژاریی موتڵەق هەیە، ١٥ ڕۆژ بەر لە ساڵی نوێ وتی: لە ئۆستاندارەکان چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە بۆ ڕیشەکێش کردنی هەژاریی موتڵەق هەموو توانایان بەکار بێنن و ڕێگە نەدەن ئەم بابەتە بگاتە ساڵی ١٤٠١. بەڵام بێگومان ڕەئیسی یەکەمین سەرۆک کۆمار نییە کە لەمجۆرە وادە و بەڵێنانە دەدات. حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی ١١ و ١٢ لە هاوینی ساڵی ١٣٩٦ لە ڕێوڕەسمی تەنفیزی خۆیدا بەڵێنی دابوو کە تا کۆتایی دەوڵەتی ١٢ واتە تا ساڵی ١٤٠٠، هەژاریی موتڵەق لە ئێران ڕیشەکێش دەکات. فەرمانی دەوڵەتی ڕەئیسی بۆ ڕیشەکێش کردنی هەژاریی موتڵەق لە حاڵێکدایە کە بەباوەڕی کارناسانی ئابووری، ئێران لە ساڵی داهاتوودا لە بواری ئاو، نەوت، گاز، سندووقی خانەنشینی و مەسەلەی ژینگە پێویستی بە زیاتر لە ٤٠٠ ملیارد دۆلار سەرمایە هەیە. دەوڵەتی ڕەئیسی نە تەنیا لەم بوارەدا پێشڕەوییەکی نەکردووە، بەڵکوو سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە هەشت مانگ لە دەوڵەتی ١٣ چوونەسەرەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان و هاتنەخوارەوەی بەردەوامی توانای کڕین، یەکێک لە گرینگرتین کێشە ئابوورییەکانی خەڵک و گەورەترین نیگەرانیی کۆمەڵگەی کرێکاری بووە. هاتنەخوارەوەی توانای کڕینی خەڵک و تەوەرۆمی سەرووی ٥٠ لەسەد بووەتە هۆی ئەوەیکە ساڵی تازە یەکێک لە خراپترین ساڵەکانی هێڵی هەژاری لە ئێران بێت.
بەپێی لیستی پێداویستیی ڕۆژانەی بنەماڵە کە بریتییە لە خۆراک، تەندرووستی و دەرمان، هاتووچۆ و پەروەردە، لانیکەمی هەزینەیەک کە دەکرێ بۆ بنەماڵەیەکی سێ کەسی لە شارێکی گەورەی وەکوو تاران لەبەرچاو بگیرێت، زیاتر لە ١٠ ملیۆن تمەنە و ئەم هەزینەیە لە باقیی شارە چکۆلەکان دەگاتە زیاتر لە ٧ ملیۆن تمەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەم دوایانەی کۆڕی جیهانیی ئابووری وێڕای ئاماژە بە پێنج گرفتی گەورەی ئێران واتە بێکاری، بێهیوایی لاوان، ڕێکوودی ئابووریی درێژماوە، بژێو و قەیرانی سەرچاوەی سرووشتی، باس لەوە دەکات کە ئەمساڵ بۆشایی چینایەتی قووڵتر دەبێتەوە. لەڕاستیدا پەرەسەندنی بەردەوامی گرانی، تەوەرۆم و هەژاری، لە کێشە ئابووری و سیاسییە گرینگەکانی ساڵانی ڕابردووی ئێران بووە و لەگەڵ توندبوونەوەی کێشەوگرفتی ئابووری لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، سفرەی بنەماڵە کرێکاری و کەمداهاتەکانی کۆمەڵگا، زیاتر لە ڕابردوو بەتاڵ بووە. نەبوونی بیمە، ئەمنییەتی کار، ترس لە بێکاربوون، نەبوونی ماڵ و سەرپەنا، هاتنەخوارەوەی توانای کڕین و نەبوونی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ تەوەرۆمی هەوسارپچڕاو، بووەتە کابووسێک بۆ جەمعییەتی ملیۆنیی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵ. ئاشکرایە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت ناتوانن خۆراک واتە سەرەتاییترین پێداویستی ڕۆژانە بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە گۆڕانکاری لەکابینەکان و دەستاودەستکردنی حکومەت و گۆڕانکاری لە ئارایشی سیاسی باڵە دەسەڵاتدارەکان هیچ پێشکەوتنێک لەژیانی ڕاستەقینەی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا پێک ناهێنێت. لەجەرگەی درێژەی قەیرانی ئابووری و فەلاکەتی گشتی و داماویی ڕژیم لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو قەیرانانەی کە لەگەڵیان بەرەوڕووە، کرێکاران بەپشت بەستن بە ئەزموونی خەباتکارانە و بەهیمەتی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی خۆیان پێویستە تایبەتمەندییەکانی باروودۆخی ئێستا بناسن و بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەژاریی بێسنوور خۆیان ئامادە بکەن. کرێکارانی وشیار بەباشی دەزانن کە ئەگەر ئەمڕۆ ڕەئیسی جەلاد فەرمانی ڕیشەکێش کردنی هەژاریی موتڵەق دەدات ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەو خۆشباوەڕییەیە کە گۆیا سەرانی ڕژیم بیر لە هەژاران دەکەنەوە و بۆ چارەسەرکردنی هەژاری بەرنامەیان هەیە. بەڵام ئاشکرایە کە نە ڕەئیسی، نە سپای پاسداران و نە باقیی باندەکانی حکوومەت نەتەنیا ناتوانن گرێیەک لە کێشەکانی خەڵک بکەنەوە، بەڵکوو خۆیان هۆکاری سەرەکیی ئەم هەژاری و بێکاری و بێبەشییەن کە بەسەر خەڵکدا سەپاوە.
بۆ کرێکاران و جەماوەری ناڕازی و وەگیانهاتوو کە هەموو ڕۆژێ بە بەڕێوەبردنی مانگرتنی کرێکاری و کۆبوونەوە ناڕەزایەتی و ڕێپێوان لە شەقامەکان خواستەکانی خۆیان هاوار دەکەن ڕوون بووەتەوە کە چەرخەی دووپاتەوەبووی چەند دەیەی ڕابردوو گرێیەک لە کێشەکانیان ناکاتەوە. کرێکاران بەباشی دەزانن کە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی سەرمایەدارییە کە لە ڕۆژی ئەوەڵەوە بۆ نەجاتدانی نیزامی سەرمایەداری هاتووەتە سەرکار. هەژاریی بێسنوور و بێئەمان کە سرانی ڕژیم ئاماژەی پێ دەکەن لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی و سەرمایەدارانەوە بەسەر چینی کرێکار و زۆربەی خەڵکی ئێراندا سەپاوە و تەنیا لەڕێگەی خەباتەوە دەکرێت ئاڵۆگۆڕی بنەڕەتی ڕوو بدات. خەبات بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەستی پێویست بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی و خەبات بۆ دابینکردنی بیمەی بێکاری و ناڕەزایەتی دژبە گرانی بەردەوامی پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانە بەستێنێکی گونجاوە بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی لە خەباتی کرێکار و جەماوەریدا. هەڵسووڕاوانی کرێکاری تەنیا لەسەر بەستێنی پەرەپێدان بە خەباتی کرێکاری دژبە هەژاری و گرانی و لەدەوری خواستەکانی بزووتنەوەی کرێکاریدا دەتوانن یارمەتیدەری بابەتی سەرانسەری کردنەوەی ناڕەزایەتی و ڕێکخستنی کرێکاران بن و ئاسۆی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران، ڕیشەکێش کردنی هەژاری و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و خۆشبژێو و بەدوور لە هەرجۆرە ستەمێک بخەنە بەردەم گشت ستەملێکراوان و بێبەشان.