فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خەباتی یەکگرتووانە تاکە وڵامی شۆڕشگێڕانەیە بە هێرشی ڕژێم بۆسەر ژیانی چەوساوەکان
سێشەممە ۱۷-۰۵-۱۴۰۲   |  08-08-2023
خەباتی یەکگرتووانە تاکە وڵامی شۆڕشگێڕانەیە بە هێرشی ڕژێم بۆسەر ژیانی چەوساوەکان

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی جۆراوجۆر سەبارەت بە گرانبوونی نان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرەنجام سەدا و سیمای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گرانبوونی نانی لە ١٣ پارێزگا لەوانە پارێزگاکانی فارس، تاران، قەزوین و خوراسانی ڕەزەوی ڕاگەیاند. سەدا و سیما لەسەر زاری بەرپرسانی ڕژیم چوونەسەری قیمەتی نانی بۆ باشترکردنی ئابووریی نانەوایان و ڕێگری لە قیمەتگوزاریی خودسەرانە و کەمفرۆشی ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە قیمەتی نان لە پارێزگای قەزوین ٢٠ تا ٢٥ لەسەد، لە پارێزگای مەرکەزی ٥ تا ٢٥ لەسەد و لە پارێزگای مەشهەد ٣٠ تا ٤٠ لەسەد بەرز بووەتەوە. بەڵام ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ڕژیم چوارشەممە ١١ی مانگی گەلاوێژ چوونەسەری قیمەتی نانی لە هێندێک لە پارێزگاکان ڕەتکردەوە و وتی: „لە دەوڵەتدا شتێکمان لەژێرناوی بردنەسەری قیمەتی نان نەبووە”. بەڵام هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە دەوڵەت لە هەوڵی ئازادکردنی کامڵی نرخی نان دایە و بەم ناتەباوێژیانە دەیهەوێ ئاستی هەستیاربوونی بیروڕای گشتی لەئاست ئەم تەعەڕوزە ئاشکرایە بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک هەڵسەنگێنێ.

تەوەرۆمی بەرین، گرانیی لەڕادەبەدەری پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵک، پاڵ پێوەنانی ملیۆنان کەس لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بۆ پەراوێزی شارە گەورەکان، چوونەسەری ژمارەی منداڵانی کار، زیادبوونی ئاماری کارتۆن خەوی، پەرەسەندنی خوکوژیی بەهۆی دەستکورتی و بێهیوایی، چوونەسەری ئاماری فرۆشی ئەندامانی لەش، هەر هەموویان نیشانەی بەرینایی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری لەم کۆمەڵگایەن. قەیرانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت کاربەدەستانی ڕژیم سەرەڕای هەموو درۆ و فریوکارییەکانیان ناتوانن حاشای لێبکەن. ئاقامحەممەدی ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام دەڵێ: „دوو هەزار و بیست گەڕەک و نۆزدە ملیۆن و حەوسەد هەزار کەس لە ئێراندا هەن کە لە ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان لەوانە مەسکەن، کار، خوێندن تا دوازدە ساڵ، سڵامەت، خۆراک و پۆشاک بێبەرین”. بەپێی ڕاپۆرتی خەبەر ئانلاین “گەشەی سفر لەسەدیی ئابووریی ئێران لە دەیەی نەوەد و توندتربوونەوەی قەیرانی تەوەرۆم لە ساڵی ١٣٩٧ەوە بەرەو ئەملا، لە پەرەسەندنی هەژاری لە ئێراندا یەکجار کاریگەر بووە. لەڕاستیدا لەگەڵ چوونەدەری ترامپ لە بەرجام، ئابووریی ئێران بەرەوڕووی شۆکێکی توند بووەوە. ئەم شۆکە بەجۆرێک کاریگەریی خستە سەر ئابووریی ئێران کە بۆ شەشەمین ساڵی بەردەوام تەوەرۆم لە ئێران باڵای ٤٠ لەسەدە”. ئەگەرچی “خەبەر ئانلاین” فریوکارانە قەیرانی ئابووریی کۆمەڵگا بۆ چوونەدەری ترامپ لە بەرجام دەگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەو خەڵکەی کە ساڵانێکە پەرەسەندنی گرانی و هەژارتربوونی بنەماڵەکانیان دەبینن، باش دەزانن کە توندبوونەوەی قەیرانی ئابووریی لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا تەنانەت بەرلە ڕێکەوتنی بەرجام و لە جەریانی کورتماوەی بەرجامیشدا بەردەوام لەئارادابووە.

ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی ڕەئیسی لەسەر درێژەی سیاسەتی لابردنی یارانەکان بەردەوام تەئکیدی کردووە. هەروەها دەوڵەت لە هەوڵی بردنەسەری نرخی سووتەمەنی بەتایبەت بێنزین دایە. پێداچوونەوە بەسەر سەهمیەبەندیی بێنزین یەکەمین هەنگاوی دەوڵەتە بۆ بردنەسەری دووبارەی نرخی بێنزین. بەڵام بێگومان سەرانی ڕژیم بە هیچ فریوکاری و تاکتیکێک ناتوانن حاشا لە ڕەوتی چوونەسەری بەردەوامی قیمەتی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بکەن. نە بردنەسەری ٢٠ لەسەدیی لانیکەمی حەقدەست و نە تەنانەت زیادکردنی یارانەکان ناتوانێ گرانبوونی پێداویستییەکانی خەڵک جوبران بکاتەوە. کەوابوو دیسانیش سەبەدی بژێوی ملیۆنان کەس لە خەڵک چکۆلەتر و سفرەیان بەتاڵتر دەبێت. عەلی جەهرۆمی وتەبێژی دەوڵەتی ڕەئیسیی جەلاد لەوپەڕی بێشەرمیدا ڕۆژی چوارشەممە ١١ی مانگی گەلاوێژ لە جەمعی ژمارەیەک لە ئەوباشانی بەسیجیدا ئیدیعای کرد کە: „بشێوییەکانی ساڵی ڕابردوو لەسەر بواری ئابووریی کاریگەرییان بوو. بەهای دراوی بردەسەر و بوو بەهۆی چوونەدەری سەرمایە”. ئەوەیکە ئەم بەکرێگیراوە پێی دەڵێ “بشێوی و ئیغتشاش”، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک بوو کە بە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا جەرەقەکەی لێدرا و بۆ چەندین مانگ خەوی لە چاوی سەرانی جەنایەتکاری ڕژیم تاراند. ئەگەر ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بۆ خەڵک هەنگاوێک بەرەوپێش و پڕ لە دەرس و ئەزموون بوو، بۆ سەرانی ڕژیم ئەو مۆتەکەیە بوو کە بە ئیدیعای خۆیان ساتەکانی ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەیانی هێنایە بەرچاویان.

واقعیەت ئەوەیە کە بەرینایی هەژاری و فەلاکەتێک کە ئەم دەسەڵاتە بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشیدا سەپاندووە هیچ ڕێگایەکی نەهێشتووەتەوە بێجگەلە درێژەی خەبات و پەرەپێدانی مانگرتنی سەرانسەریی کرێکاری و جەماوەری، پەرەپێدانی یەکگرتوویی و هاوپشتی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە. ساڵوەگەڕی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا دەرفەتێکە تا ئیرادەمان ڕێکبخەین و بۆ جارێکی تر عەزم و بڕیارمان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران نیشان بدەین.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co