فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خەڵکی فەلەستین و لوبنان قوربانیی شەڕخوازیی دوو بەرەی تیرۆریستی
شەممە ۳۱-۰۶-۱۴۰۳   |  21-09-2024

هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕۆژی هەینی ٢٠ی سێپتامبر بۆسەر بەیرووت کە تێیدا ئیبراهیم عەقیل و چەند فەرماندەی یەکەی تایبەتی حیزبوڵڵا کوژران، شەپۆلی دووهەمی تەقینەوەی مەرگباری بێ سیم و ئامێرە ئێلێکترۆنیکییەکان لە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی سێپتامبر کە لە ئەنجامدا پتر لە ٢٠ کەس کوژران و سەدان کەسی تریش برینداربوون، هەروەها پێشتریش عەمەلیاتی تەقاندنەوەی پەیجێرەکانی گرووپی حیزبوڵڵا کە بەهۆیەوە ١٢ کەس کوژران و زیاتر لە ٤ هەزار کەس بریندار بوون، بۆ جارێکی تر دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و گرووپی کۆنەپەرستی حیزبوڵڵای لوبنانی خستووەتە بەردەم شەڕێکی بە تەوا ماناوە و سێبەری شومی شەڕێکی ماڵوێرانکەر خۆی بەسەر ئەم وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە. ئەگەرچی دەوڵەتی ئیسرائیل وەک هەمیشە بەفەرمی بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستیی تەقاندنەوەی ئامێرە ئێلێکترۆنیکییەکانی نەگرتووەتە ئەستۆ کە بەهۆیەوە سەدان کەسی ئاسایی برینداربوون و ژمارەیەکیش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە دەوڵەتی ئیسرائیل بەهۆی باڵادەستبوونی لە بواری تێکنۆلۆژی و شەڕی سایبێری و سیستەمی سیخوڕی، زەربەیەکی سەختی لەم گرووپە داوە و حەسەن نەسڕوڵڵا و کادری ڕێبەری و فەرماندەکانی حیزبوڵڵا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەتوندی تەحقیر کردووە. حیزبوڵڵای لۆبنان و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێستا لە شەرمەزاریی تیرۆرکرانی فواد شوکر لە باشووری بەیرووت و ئیسماعیل هەنییە لە میوانسەرای سپای پاسداران لە تاران خۆیان دەرباز نەکردبوو کە ئەمجارە دەوڵەتی ئیسرائیل لە زنجیرە هێرشێکدا کە لە چەندین مانگ پێشترەوە ئامادەکاریی بۆ کردبوو، سیستەمی پەیوەندیی ناوخۆیی و فەرماندەیی حیزبوڵڵای زەمینگیر کرد، سەفیری کۆماری ئیسلامیی بریندارکرد و زەلیلی و بێتوانایی ئەم تاقمە تیرۆریستە ئسیلامییەی زیاتر نیشان دا. ئەنجامدانی ئەم عەمەلیاتانە کە بە بێ نفووزی مۆرەکانی مووساد بۆ ناو تۆڕی پەیوەندیی نهێنیی حیزبوڵڵا غەیری مومکین بە نەزەر دەگات، بێجگەلە تێکدانی تۆڕی پەیوەندی ناوخۆیی حیزبوڵڵا، قەیرانی متمانەی لە نێوان فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانی ئەم ڕەوتەش پەرەپێدەدات و لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی ئیسرائیلدا زیاتر زەربەهەڵگریان دەکات.

ئەم هێرشانە هەر ئاکامێکی هەبێت لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی نەتانیاهۆ بۆ داگیرساندنی شەڕێکی ناوچەیی لەلایەکەوە و درێژەی شەڕی فەرسایشیی حیزبوڵڵا دژبە ئیسرائیل بەپێی ستراتێژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەلایەکی دیکەوە، دەکرێ هەڵسەنگێندرێ و شیبکرێتەوە. بە چاوگێڕانێک بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان، بەتایبەت بەلەبەرچاوگرتنی نەگەیشتنی دەوڵەتی ئیسرائیل بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی لە شەڕی غەززە و ئەو قەیرانانەی کە لە ناوەوەی ئیسرائیل لەگەڵیان بەرەوڕوویە، دەردەکەوێ کە دەوڵەتی نەتانیاهۆ هەروا بەردەوام بەشوێن پەرەپێدانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. کردەوەی هەتا ئێستای گرووپی ئیسلامیی حیزبوڵڵاش نیشانی دەدا کە لە ستراتێژی شەڕی فەرسایشی ئەم ڕێکخراوە لەدژی ئیسرائیل هیچ گۆڕانێک ڕووی نەداوە. مێژووی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان ئەم ڕاستییە نیشان دەدات.

نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی جۆزەردان بەرابەر بە ١٨ی ژوئەنی ٢٠٢٤ ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە “گەڵاڵەی هێرش بۆسەر لۆبنانی داڕشتووە و پەسندیشی کردووە”. نەتانیاهۆش ڕایگەیاند کە بەشێک لە هێزە نیزامییەکانی ئیسرائیلی بۆ شەر لەگەڵ حیزبوڵڵا لە باشوورەوە ڕەوانەی باکوور کردووە. ئەو هاوکات وەزیری بەرگرییەکەشی ڕەوانەی ئەمریکا کرد تا پلانی هێرش بۆسەر باشووری لۆبنان لەگەڵ بەرپرسانی نیزامیی ئەمریکا بداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. دواتر هۆکستین نوێنەری بایدن هاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا بە حیزبوڵڵا لەئاست درێژەی هاویشتنی مووشەک بەرەو ئیسرائیل هۆشدار بدات. ناوبراو ئەم پەیامەی ئەمریکای لەڕێگەی “نەبی بێری” سەرۆکی پەرلەمانی لۆبنان بە حیزبوڵڵا گەیاند کە: “ ئەگەر هاویشتی مووشەک بەرەو ئیسرائیل درێژەی بێت، ئەمریکا ناتوانێ لە هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆسەر لۆبنان ڕێگری بکات”. بەدوای هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل حەسەن نەسڕوڵڵاش دەستبەجێ ئامادەیی خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاند و هەڕەشەی کرد کە تاکتیکی شەڕی بەدەر لە یاسا بەکار دێنێت و هێرش دەکاتە سەر باکووری ئیسرائیل و ئەمنیەتی ئیسرائیل لە هەموو شوێنێک دەخاتە مەترسییەوە”. بەڵام حیزبوڵڵا سەرەڕای ئەم هات و هاوار و خۆبەهێز نیشاندانەی لە بواری نیزامییەوە، وڵامی تیرۆری فواد شوکر و بەڵێنی تۆڵەکردنەوەکەی بوو بە هاویشتی چەند درۆن و وتنی هێندێک درۆ و دەلەسە.

هێرشی یەک لەدوای یەکی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر حیزبوڵڵا لە بەیرووتی، بۆ سەرانی ئەم گرووپە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵگری ئەو پەیامەیە کە ئیسرائیل دەیهەوێ وڵامی شەڕی فەرسایشیی حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامی، بە چوونە ناو شەڕی ڕاستەوخۆ بداتەوە. نەتانیاهۆ کە هەتا ئێستا گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە لە یەک هەنگاویی نابوودیی حەماس و ئازادکردنی بەدیلگیراواندایە و بەم بەڵێنانەی پشتیوانیی ئەمریکا و دەوڵەتانی تری ناتۆی بەرەوخۆی ڕاکێشاوە، لەئێستادا کەوتووە سەر لێواری شەڕێکی تەواو عەیار لەگەڵ حیزبوڵڵا. دوای هێرشی تەقاندنەوەی پەیجێر و بێسیمەکان و کوشتاری فەرماندەکانی حیزبوڵڵا، ڕۆژی هەینی یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی دەوڵەتی ئیسرایل، “قۆناغێکی نوێ”ی لە شەڕ ڕاگەیاند. ئەو ئامانجی ئەم قۆناغە لە شەڕی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی پەنابەر بۆ ناوچە سنوورییەکان پێناسە کرد. نەتانیاهۆ و کابینەی ئەمنیەتی و دەستی ڕاستیی ئیسرائیلیش گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ڕاکردوو لە باکووری ئیسرائیلیان ئامانجێکی دیگەی شەڕی غەززە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ حیزبوڵڵا ڕاگەیاند. ئەم هاودەنگییە لە ڕاگەیاندنی شەڕ نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بۆ ئەم قۆناغە لە شەڕیش ڕەزامەندیی جۆو بایدن و هاوپەیمانانی ئورووپایی لە ناتۆشیان وەرگرتووە. بۆ دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی شەڕ بەشێک لە ستراتێژی لەناوبردنی نەتەوەی فەلەستینە. ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە بە پەرەپێدانی بۆمباران و مووشەکباران، وێرانی، کوشتاری زیاتر لە ٤١ هەزار فەلەستینی، پەرەپێدانی قاتی و برسیەتی لەم وڵاتە، نابوودکردنی هەموو ژێرخانەکانی تەندرووستی، پەروەردە و فەرهەنگی نیشانی دا کە ئامانجێکی بێجگەلە لەناوبردنی نەتەوەی فەلەستین نییە. دەوڵەتی ئەمریکا لەپێناوی بەرژوەندییەکانی سەرمایەداری و غوولەکانی سەنعەتی دروستکردنی چەک، بە ناردنی یارمەتیی نیزامی و دارایی بۆ ئیسرائیل، نیشانی داوە کە هاودەست و پاساوکەری تاوان و کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیلە.

بێگومان لە ئەگەری درێژە و پەرەستاندنی ئەم شەڕە، خەڵکی ڕەنجدیدەی لۆبنان کە لەژێر فشاری گرانی، بێکاری و هەژاریدان، دووبارە دەبنەوە قوربانی و ئاوارەی ئەم شەڕە وێرانگەرە. خەڵکی فەلەستین، لۆبنان و ئیسرائیل کە قوربانییانی سەرەکیی ئەم سیاسەتە شەڕخوازییەن، هیچ بەرژوەندییەکیان لەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا نییە. ئەم شەڕە لەپێناوی بەرژوەندی گرووپە ڕەگەزپەرست و فاشیستەکان لە ئیسرائیل و مانەوەی نەتانیاهۆ لە دەسەڵاتی سیاسی دایە. حیزبوڵڵا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل لەڕاستای بەرژوەندی خۆیاندا نابینن، بە هاویشتی مووشەک و درێژەی شەڕی فەرسایشی دژبە ئیسرائیل بەکردەوە خزمەت بە ئامانجەکانی شەڕی ئیسرائیل دەکەن. ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە ستراتێژی هێرشی بەرگرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی دامەزراندن و ڕێکخستنی حیزبوڵڵا لە لۆبنان و باقیی ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان لە ناوچەکە لەژێرناوی “میحوەری موقاومەت”، کێبەرکێی نیزامی و پڕۆژەی ئەتۆمی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، کاریگەر نییە و گەیشتووەتە بنبەست. ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتەکانی کۆمەکی بەوە کردووە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە بازاڕی داغی فرۆشتنی چەکی ئەمریکایی. ئەم ڕژیمە بە سرووشتی سیاسەتی فاشیستی و تیرۆریستی بەرامبەر بە چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ئێران و پەنابەرانی ئەفغانستانی، ناتوانێ داکۆکیکاری ڕاستەقینەی خەڵکی فەلەستین بێت.

لەکاتێکدا کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم کلووپە نێونەتەوەییەی دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکانی جیهان، بووەتە شوێنی وتنی قسەی زل و بێبنەما و لە بەرامبەر تاوان و کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیلدا هیچ هەنگاوێکی کردەوەیی هەڵناگرێت، کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدە لە لۆبنان و فەلەستین هیچ ڕێگایەکیان بێجگەلە یەکگرتن و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخوازەکان و ڕەوتە پێشڕەوەکان لە ئیسرائیل و پەرەپێدانی پشتیوانی لە هێزە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لەسەر ئاستی جیهان، لەپێناوی خەبات دژبە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و پەراوێزخستنی ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لەپێش نییە. پێویستە بە پشتیوانی و بەهێزکردنی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین، هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە بگۆڕدرێ. نابێ بهێڵین ئاوات و هیواکانی نەتەوەی فەلەستین بۆ ڕزگاری لە چنگ ڕژیمێکی هار و ڕەگەزپەرست و داگیرکەر لە ژێر داروپەردووی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و ماڵوێرانکەرەدا بنێژرێ.