فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دابینکردنی کەسری بودجەی رژیم لە گیرفانی خەڵک
شەممە ۱۵-۰۸-۱۴۰۰   |  06-11-2021

 رۆژی دوشەممە ١٠ی مانگی گەڵاڕێزان ژمارەیەکی بەرین لەو خەڵکەی کە دارونەداریان لە بازاڕی بورسدا لەدەستداوە، بۆ چەندومین جار لەمساڵدا لە بەرامبەر بینای “سازمانی بورس و ئەوراقی بەهادار”ی رژیم لە تاران کۆبونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد. ئەوان لە ترسی هاتنەخوارەوەی رۆژانەی ئەرزشی ریاڵ و بەو هیوای پاراستنی ئەو بڕە پارەیەی کە  بە داسەپاندنی بێبەشی بەسەر خۆیان  و بنەماڵەکەیان کۆیان کردبۆوە، بردیانە ناو بازاڕی بورسەوە. هەڵبەت فریوکاری و درۆی خامنەیی و روحانی لە پێکهێنانی ئەم خۆشباوەڕیەدا ناکاریگەر نەبو. غافڵ لەوەیکە لە ناو دەسەڵاتی دزانی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی، هەر رادەیەک متمانە بە ناوەندەکانی رژیم زیانێکی قەرەبونەکراوەی لێدەکەوێتەوە. خامنەی بە ئامانجی دابینکردنی قازانجی سەرمایەداران و کەسری بودجەی سەرچاوەگرتو لە قەیرانی ئابوری رژیم وتی: “من زۆر جار بە خەڵکی ئازیزم وتوە کە حەتمەن لە پەرەپێدانی فەرهەنگی جەهادی و تەعاوۆنی، لەوانە سەرمایەگوزاری بەرهەمهێنەری وەک سندوقەکانی تەعاوۆنی و بورسدا سەرمایەگوزاری بکەن”. خامنەی متمانەی بە خەڵک دا کە قازانج دەکەن. هاندانی خەڵک بۆ سەرمایەگوزاری لە بازاڕی بورس داوێک بو کە رژیم بۆ  خەڵکی ناوە و بەداخەوە نیگەرانی خەڵک لە رکودی بێوێنەی ئابوری ئێران، ئەوانی لەو داوەدا گرفتار  کرد.

 هاتنەخوارەوی خێرای پێوەرری بورس که لە چەند ساڵ لەمەوبەرەوە دەستپێکردبو، ئێستا و پاش تێپەڕبونی سێ مانگ لە هاتنەسەرکاری رەئیسی جەەلاد ١٣ لەسەدی دیکەش هاتۆتەخوارێ.هەڵبەت  کارناسانی ئابوریش  رەوتی خێرای چونەسەرەوە و هاتنەخوارەوەی پێوەری بورس بۆ هۆکاری دەسکاریەکانی دەوڵەت بە ئامانجی دابینکردنی کەسری بودجە دەگەڕێننەوە. راپۆڕتی کۆمیسیۆنی ئابوری مەجلیسی رژیم لە رۆژی سێشەممە ١١ی گەڵاڕێزانیش تەنانەت ئەگەر هۆکارەکەی ناکۆکی نێوان باڵەکانی رژیمی بێت، نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی ئیسلامی بەهۆی قەیرانی قوڵی ئابوری کەوتوەتە سە لێواری داڕمان و ئیفلاس. لەئاکامدا بۆ لەسەرپێ راگرتنی خۆیان دەست دەبەن بۆ هەمو تەرفەندێک تا خەڵک فریو بدەن و سەروەت و سامانیان تاڵان بکەن. لەم راپۆرتەدا هاتوە کە “پێوەری بورس لەم مانگانەی دواییدا سی لەسەدی دیکە هاتوەتە خوارێ و لە ئاکامدا لەماوەی مانگەکانی رابردودا  ٧٠ ملیارد دۆلار لە سەرمایەی خەڵک لە بازاڕی بورسدا لەناوچوە و زەرەرمەند بون”. ئەم راپۆرتە هەروەها باس لە دەستنیشانکرانی بەڕێوەبەری نوێی سازمانی بورس دەکات کە خاوەن مەرجی بەڕێوەبەری نیە و وزیری ئابوری و ئەندامی شۆرای باڵای بورس و لیژنەی بەڕیوەبەری ئەم سازمانە بە “مۆتەخەلێف” پێناسە کردوە.  یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی وێڕای ئاماژە بە بەرینایی گەندەڵی ناو سازمانی بورسی رژیم دانی بەوە داناوە کە: “شیرکەتێکی کاغەزی بە سەرمایەی ئیسمی ٢٠٠ میلیارد تمەنیان خستوەتە ناو بورسەوە و سەهامی ئەم شیرکەتە کاغەزیە کە تەنانەت دەفتەرێکیشی نیە، لە بورسی تاراندا بە قیمەتی ٣ ملیاد و ٢٠٠ ملیۆن تمەن بە خەڵک فرۆشتوە. خاوەنانی ئەم سەهامە ئێستا بێجگەلە کاغەزێک هیچیتریان بەدەستەوە نیە و توشی زەرەری زۆر بون. لە بەرامبەردا ساڵی رابردو هێندێک شیرکەتی یاسایی گەورە بە پێی زانیاریەکی نیهای کە سەبارەت بە بازاڕ پێیان دابون، سودی کەڵانیان پێگەیشت و لە بازاڕ چونەدەرەوە”.

 وەها دابەزینێکی گەورە لە بازاڕی بورسدا نیشانەی ناسەقامگیربونی سیاسی و ئابوری کۆماری ئیسلامی، دزی و گەندەڵی لە ناوەندەکانی دایە. ئەم قەیران و گەندەڵیە نە بە قەول و قەرار و درۆکانی رەئیسی بە ناڕەزایەتی خەڵک کە گۆیا لەڕێگەی چالابونی سندوقەکانی تەعاوۆنی متمانەی خەڵک رادەکێشن و پارەی زیاتر لە گیرفانیان دەخەن، وڵام دەدرێتەوە و نە بە گەڵاڵەکانی کارناسانی ئابوری تیمەکەی  چارەسەر دەبێت. 

کارناسانی ئابوری دەوڵەتی رەئیسیش هەر وەک روحانی پاش بەتاڵکردنی گیرفانی خەڵک لەڕێگەی فرۆشی ئەوراقی بەهادار و سەهامی عەداڵەت تەبلیغ بۆ سەرمایەگوزاری لە بازاڕی بورس، ئێستا بەتەمان بە فرۆش و هەڕاجی ماڵی گشتی خەڵک حکومەت لەسە پێ راگرن. جێگری ئابوری دەوڵەت رایگەیاند کە نە بە قەرز وەرگرتن لە بانکی ناوەندی و نە بە چاپی پارەی بێ پشتیوانە ناتوانن کەسری بودجە دابین بکەن. لەو جێگەوە کە بەناو “سندوقی تەوسەعەی میللی”ش کە لە دەستی خامنەی دایە خاڵیە، کارگێڕانی رژیم بێجگەلە بەڵێنی بێ ناوەرۆک و ئینشاڵا و ماشەڵڵا، بەرنامەیەکی دیکەیان بۆ بەرەنگاربونەوە لەگەڵ قەیران و پەرەسەندنی هەژاری و بێ دەرەتانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش نیە. موحسین رەزایی پاسدار کە ئێستا بوەتە جێگری ئابوری رەئیسی، بە سەهامدارانی وت کە حەوسەلەیان هەبێت لەبەر ئەوەیکە لە مانگی سەرماوەزدا بە ئیحتمالی زۆر هەواڵی خۆشمان بۆ سەهامدارانی بازاری بورس دەبێت. وەزیری ئابوری رژیمیش رایگەیاند کە لەگەڵ وزیری دارایی و سەرۆکی بانکی ناوەندی و بەڕیوەبەرانی بورس سەبارەت بە متمانە دروستکردن دانیشتنیان بوە تا هەواڵی هیوابەخش بخەنە ناو بواری ئابوریەوە.  مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بە سەرۆکایەتی پاسدار قالیبافیش بۆ یەکلاکردنەوەی حیساب لەگەڵ باڵی دەوڵەتی تەدبیر و هومێدی روحانی، لێکۆڵینەوە و پشکنینی لە گشت بازاڕی سەرمایەی بورس خستوەتە دەستوری کاری خۆیەوە. 

ئەم تەرفەندانە و گشت بەرنامە و هەوڵی رژیم لە وڵامی نابەرپرسانە بە خەڵکێکە کە خامنەیی و روحانی ئەوانیان بۆ سپاردنی سەرمایە و داراییەکانیان بە دەوڵەت فریو دا. ئاشکرایە کە هیچ کام لەم قەول و قەرارانەی رژیمی فریو و ریا ناتوانێ سەرمایەی دزراوی خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆیان. ئەوەیکە دەوڵەت روبە ئۆستانداران وتی: “دەوڵەت ناتوانێ بە گیرفانی بەتاڵەوە بەڵێنی وەدینەهاتو بدات”، نیشانەی ئیفلاسی ئابوری حکومەتی ئیسلامیە. ئەوەیکە سەرۆکی سازمانی بورس لە دەوڵەتی رەئیسیدا رایگەیاند کە ئەوان هیچ جۆرە سود و قازانجێک لە بازاڕی بورسدا زەمانەت ناکەن بەو مانایەیە کە رژیم هیچ بەرپرسایەتیەکی لەئاست سەروەت و دارایی خەڵک وەئەستۆ نیە. هەربۆیە زەرەرمەندانیش بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان لە رژیمی گەندەڵی ئیسلامی هیچ رێگایەکیان بێجگەلە هاوڕێبون لەگەڵ خەباتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش لە مەسیری روخاندنی ئەم رژیمە دژەئینسانیەدا لەپێش نیە.

https://alternative-shorai.tv