لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەرزبوونەوەی سەعات بە سەعاتی بەهای دۆلار لە بەرابەر تمەندا بەشێکی زۆر لە چالاکییە ئابوورییەکانی کۆمەڵگای وەستاند و ڕکوودێکی زیاتر لە ڕابردووی پەرەپێدا. هەروەها لە هەندێک شوێنی بازاڕ کڕین و فرۆشتنی بەرهەم و ئامێرەکانیش ڕاگیرا. بشێوی و هەرج و مەرەجی بازاڕ گەیشتە ئاستێک کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی مانگی بەفرانبار سەرەڕای داخرانی بازاڕی ئێران، ڕەوتی دابەزینی بەهای تمەن هەروا درێژەی بوو و نرخی هەر دۆلار گەیشتە سەرووی ٤٢ هەزار تمەن و لە ڕۆژی چوارشەممەدا سنووری ٤٣ هەزار تمەنیشی تێپەڕاند. بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی مانگی بەفرانباریش نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن ٢.٢٦ لەسەد بەرز بووەوە. وەها بەرزبوونەوەیەک لە نرخی دۆلاردا کە دراوی پایەی قیمەتی کاڵاکانی ئێرانە، کاتێک کارەساتبارتر دەبێت کە کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵە بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان دەچنە بازاڕ.
دەتوانین بڵێین هێڵی هەژاری کە لە مانگی سەرماوەزدا بۆ دابینکردنی هەزینەی ژیانی بنەماڵەیەکی چوار کەسی لە مانگدا گەیشتبووە ١٨ ملیۆن تمەن، لەئێستادا ٢٠ ملیۆن تمەنیشی تێپەڕاندووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە حەقدەستی کرێکاران لەم ماویەدا نەتەنیا زیاد نەبووە، بەڵکوو سەرۆکی بانکی مەرکەزیی ڕژیمیش ڕایگەیاند کە : “ئەمساڵ خەبەرێک لە بردنەسەرەوەی حەقدەست هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو نییە و لە شۆرای باڵای کاریش خەبەرێک لە تەرمیمی موزد بۆ ساڵی ١٤٠٢ نابێت”. ئەوەش بە مانای ئەوپەڕی داڕمانی ڕژیمی ئیسلامی و داسەپاندنی هەژاری و برسییەتیی زیاترە بەسەر کرێکاراندا. کەوابوو کرێکاران تەنانەت سەرەڕای ڕەوتی هاتنە خوارەوەی بەهای تمەن، بۆ ساڵی داهاتوو نابێ چاوەڕوانی زیادکردنی حەقدەستەکانیان بن. لەئێستادا لەگەڵ چوونەسەرەوەی قیمەتەکان، لە سەرجەم حەقدەست و مەزایای بنەماڵەیەکی کرێکاری کە لە مانگدا نزیکەی حەوت ملیۆن تمەنە، پێویستە پێنج ملیۆن تمەن بۆ هەزینەی سەبەدی خۆراکێکی مەمرە و مەژی تەرخان بکرێت. مەعلووم نییە بە هەزینەی مەسکەنەوە کە لەئێستادا زیاتر لە ٧٠ لەسەدی حەقدەستی کرێکار بەخۆی تەرخان دەکا و لەگەڵ باقیی هەزینەکانی تر، ژنانیان چۆن دابین دەکرێت.
ئاشکرایە کە پێکهاتەی سیاسی و دزی و گەندەڵی و ڕانتخۆریی بەرپرسان و کارگێڕانی حکوومەت، قەیرانی سەرمایەداریی لە ئێران قووڵتر کردووەتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا ڕژیمی ئسیلامی بەشێکی بەرین لە داهاتی ئەم وڵاتە دەکاتە هەزینەی بواری نیزامی و ئەمنییەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات تا بەڵکوو بتوانێ بە کوشتار و جەنایەت چەند ساتێکی تر درێژە بە دەسەڵاتی بدات. ئەمانە لە پەنای هەزینەی بەرینی زێدەخوازی ناوچەیی و جیهانیی ڕژیم کە بووەتە هۆی داسەپاندنی تەحریمی کەمەرشکێنی ئابووری، خەزێنەی ڕژیمیان بەتاڵ کردووە. ڕەئیسیی قاتڵ بە بێ ئەوەیکە بەرپرسایەتیی حکوومەتی ئیسلامی لە پێکهێنان و توندکردنەوەی وەها قەیرانێک قەبووڵ بکات، بەوپەڕی بێشەرمییەوە بەرپرسایەتیی ئەم شەرمەزاری و داڕمانە ئابوورییەی بۆ درێژەی ناڕەایەتییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستای ئێران گەڕاندەوە و هاودەنگ لەگەڵ باقیی شەریکەکانی بۆ خەڵکی ناڕازی خەت و نیشان دەکێشێ. چونکە لە بەرامبەر داخوازیی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشدا هیچ ڕێگاچارەیەک بێجگەلە سەرکوت و کوشتار نابینێت.
لەئێستادا بارودۆخی ئابووریی ڕژیمی ئیسلامی هێندە قەیراناوییە کە تەنانەت لە پێکهێنانی هەرجۆرە ڕێفۆرمێکی ئابووری بۆ فریوی بیروڕای گشتیش ناهومێد بووە. هێندێک لە کارناسانی ئابووری پێشبینییان کردووە کە ڕەوتی چوونەسەرەوەی بەهای دۆلار درێژەی دەبێت و دەگاتە ٦٠ هەزار تمەن. سایتی “گۆستەرێش نیووز” کە سەربە وەزارەتی سەنعەت و مەعەدەن و تەجارەتی ڕژیمە، لە سەر زاری یەکێک لە کارناسانی نێوەتەوەیی ئابوورییەوە نووسیویەتی: “وەزعییەتی کۆماری ئیسلامی بەجۆرێک شڵەژاوە کە کاربەدەستانی ئێران ئەولەوییەتێکی گرینگتر لە سفرەی خەڵکیان هەیە. ئەگینا بانکی مەرکەزی بەمجۆرە لەئاست چوونەسەرەوەی نرخی دراو کەمتەرخەم نەدەبوو کە بە دۆلاری ٥٠ یان ٦٠ هەزار تمەنیش هەست بە قەیران نەکات”.
بێگومان ئەم ئەولەوییەتە ئێستا بۆ سەرانی ڕژیمی ئیسلامی تەنیا پاراستنی دامودەزگایەکی گەندەڵە کە زیاتر لە چوار دەیەیە بە زەبری کوشتار و جەنایەت بەسەر خەڵکدا سەپێندراوە. بەڵام تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئیتر گەیشتووەتە کۆتایی. جەماوەری خەڵک لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا بە خەباتی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی خۆیان بە ڕژیمی ئیسلامی و هەموو دنیایان نیشان داوە کە عەزمیان جەزم کردووە کە بۆ هەمیشە کۆتایی بە تەمەنی ڕژیمی ئیسلامیی جەنایەتکار و گەندەڵ بێنن. ئێستا کۆماری ئیسلامی نەتەنیا لە ناوەوە بەڵکوو لە دەرەوەی وڵات و بەتایبەت لە وڵاتانی ئەورووپایی کەوتووتە بەر ڕق و نەفرەتی جەماوەری خەڵکەوەوە. لەم وڵاتانە خەڵک دەوڵەتەکانانیان بۆ گرتنەبەری هەڵوێست و کردەوەی سەختگیرانە دژبە کۆماری ئیسلامی خستووەتە ژێر گوشارەوە. ئەم بابەتەش قەیرانی سیاسی و ئابووریی کۆماری ئیسلامیی زیاتر پەرەپێداوە. ترس لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، سەران و کاربەدەستانی ڕژیمی دژبە یەک وەپرتە وبۆڵە خستووە. ئێستا لە حکوومەتی یەکدەستی پادگانیی ئیسلامیدا، دەوڵەت و پەرلەمان و دەزگای قەزایی کە سێ پایەی سەرەکیی دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتن، یەکتر تۆمەتبار دەکەن و هەرکام ئەوی تر بە بەرپرسی خوڵقانی ئەم دۆخە دەزانێت. حەرەکەتی دامودەزگاکانی ڕژیم وەستاوە و ڕژیم لەناوخۆ و لە دەرەوە و تەنانەت لەناو ئۆسوولگەراکاندا هێزەکانی لێ دوور دەکەوێتەوە.
بەڵام ئەگەر ئەولەوییەتی ڕژیم سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانە لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتەکەی، ئەولەوییەتی خەڵک و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری، ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی شۆرایی و جەماوەرییە.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە