رۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان، بڵاوکرایەوە دۆناڵد ترامپ تۆمەتبارکراوە بە هێشتنەوەی بەڵگەنامە نهێنیە سەربازی و ئەتۆمییەکان، ئەمەش دوای ئەوەی کۆشکی سپی جێهێشتووە، بەمەش ئامریکای تووشی مەترسی کردووە.
داواکاری گشتی تایبەت “جاک سمیس” کە لە لایەن وەزارەتی دادی ئامریکا دەست نیشان کراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کەیسەکەی ترامپ، لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، ئەو یاسایانەی کە “زانیاری پەیوەندیدار بە بەرگری نیشتمانی دەپارێزن زۆر گرنگن و پێشێلکردنیان وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە.”
شایانی باسە، دوناڵد ترامپ کاتێک لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١دا، کۆشکی سپی بەجێهێشت، سندووقێکی پڕ لە دۆسیە نهێنییەکانی لەگەڵ خۆی بردووە. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢، دوای چەندین جار داواکاری، ترامپ رەزامەندی دەربڕی لەسەر گەڕاندنەوەی ١٥ سندووق کە زیاتر لە دوو سەد بەڵگەنامەی نهێنی تێدابووە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە ٢ی مانگی ئاگوستی رابردوودا، “ئێف بی ئای” هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەی ترامپ و دەستی بەسەر نزیکەی ٣٠ سندووقی دیکەدا گرت کە ١١ هەزار بەڵگەنامەی تێدابوو.