ڕۆژی سێشەممە،١ی سەرماوەز، پارلمانی ئورووپا لە درێژەی گوشاری پێشوو لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا وێڕای پشتیوانی لە شۆڕشی سەرتاسەری خەلکی ئێران، داوای ئەوەی کرد کە سپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بخرێتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە و تەواوی باڵوێزخانەکانی ڕژیمیش لە خاکی یەکیەتیی ئورووپا دابخرێن و هەموو پەیوەندییەک لەگەل کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ بهێنرێ.
پارلمانی ئورووپا لە کۆبوونەوەکەی خۆیدا بابەتی سەرکوتی خوێناویی خەڵکی ڕاپەڕیوی خەڵکی ئێرانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، خستە دەستووری کاری پارلمانەوە و کۆمیسری یەکیەتیی ئورووپا، کە بە نوێنەرایەتی جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا قسەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە ئەوەیە کە چۆن بتوانرێ بە زووترین کات دژکردەوەی خۆیان لە بەرانبەر سەرکوتە خوێناوییەکانی خۆپیشاندەرانی ئێرانی بخەنە ڕوو.