کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاماری سزای ئێعدامەکان لە ئێران نیگەرانی دەربڕی.
فۆڵکر تورک، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئاماژە بە ئێعدامی لانیکەم ٥٠ کەس لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە، جەختی لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە سزای ئێعدام لەگەڵ سەرەکیترین مافی مرۆڤ، واتە مافی ژیان ناتەبایی هەیە و خوازیاری وەستاندنی ئەم سزایە بوو.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە محەممەد قوبادلووو نۆهەمین کەس بووە کە لە پێوەند لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا ئێعدام کراوە و فەرهاد سەلیمی، زیندانیی کوردیش پاش تێپەڕاندنی ١٤ ساڵ بەندکران، لە هەمان ڕۆژدا لە سێدارە درا.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە مافی دادڕەسی دادپەروەرانە دەبێ بۆ هەموو تۆمەتباران ڕەچاو بکرێت و سەبارەت بە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم کەسانە وتوویەتی نابێ ئەم جۆرە دانپێدانانە وەکوو بەڵگە لە هیچ دادڕەسییەکدا پشتیان پێ ببەسرێت.
فۆڵکر تورک بە ئاماژەکردن بەوەی کە سێ لە سەر چواری وڵاتانی جیهان، سزای ئێعدامیان لە یاسا و لە کردەوەدا هەڵوەشاندووەتەوە داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە بە مەبەستی نەهێشتنی یەکجاریی سزای ئێعدام، بە شێوەی کاتی ئەم سزایە هەڵپەسێرێ.