فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژه‌ی ئاخێزە جەماوەریەکان لە سەراسەری ئێران
شەممە ۰۹-۰۷-۱۴۰۱   |  01-10-2022

ڕۆژی هه‌ینی ٨ی ڕه‌زبه‌ر، خه‌ڵكی توورە و ناڕازی له‌ شاره‌كانی ئه‌هواز، مه‌شهه‌د، سنه‌، سه‌قز، كرمان، به‌نده‌ر عه‌باس، بۆكان، ئابادان، لاهیجان، سه‌راوان، دزفوول، ئه‌رده‌بیل، گه‌وهه‌رده‌شتی كه‌ره‌ج، بۆجنۆرد و زاهیدان دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ڕژانه سه‌ر شه‌قام و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون.
به‌ گوێرەی هەوالەکان، خه‌ڵكی ئازادیخوازی شاری ئه‌هواز له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینیه‌وه‌ دژبه‌ سه‌ركوتی خوێناوی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون، له‌شاری مه‌شهه‌دیش لاوانی بوێری ئه‌و شاره‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌ شه‌قامه‌كانیان داخست و ڕووبه‌ڕووی هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم بوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌شاره‌كانی سه‌قز و سنه‌ش خه‌ڵكی خۆڕاگری ئه‌و شارانه‌ بۆ جارێكی دیكه‌ به‌ دروشمی ”مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر” ڕژانه سه‌ر شه‌قام و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون، له‌شاری كرمان لاوانی شۆڕشگێڕ به‌ دروشمی ”مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر” شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌یان هه‌ژاند و خه‌ڵكی ئازای زاهیدان له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ ده‌ستدرێژی سێكسی فه‌رمانده‌یه‌كی پۆلیس بۆ سه‌ر كچێكی منداڵ كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژیمه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌ سه‌ر و شه‌ڕ و پێپكدادان ده‌ستیپێكرد، هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم وڵامی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكیان به‌ ده‌ستڕێژی گوللە دایه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ٤٢ كه‌س گیانیان لەدەستدا و ٢٠٠کەسیش برینداربوون، به‌ پێی دوایین زانیاری خه‌ڵكی به‌لووچ به‌ چه‌ك ڕووبه‌رووی هێزه‌كانی ڕژیم بوونه‌ته‌وه‌ و كه‌ڵانته‌ری شیراباد و چه‌ند ناوه‌ندی حكوومی و چه‌ندین ئۆتۆمبێلی سه‌ركوتگه‌رانیان ئاگرداوه‌ و شه‌قامه‌كان ئێستا له‌ كونتڕۆڵی لاوانی به‌لووچ دایه‌، ڕژیمی دڕنده‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ركوتی خه‌ڵكی به‌لووچ هێلی كۆپته‌ری به‌كار هێناوه‌ و به‌ چه‌كی قورس ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌كات، تا ئه‌م كاته ناوی چوار كه‌س له‌ گیانبه‌ختكردووان ئاشكرا بووه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌: ”مه‌حموود به‌راهوویی”، ”ئه‌مین” و ”ڕافێع ناروویی” و ”جه‌لیل ڕه‌خشانی”. دوایین زانیارییه‌كان باس له‌ كوژرانی فه‌رمانده‌ی ئیتلاعاتی زاهیدان و برینداربوونی قازی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی سه‌راوان و چه‌ند پاسداری دیكه‌ ده‌كه‌ن.