بڕیاری دەستبەسەرکرانی شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز و چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراو، لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بڕیاری دەستبەسەرکرانی شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز کە چەند ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی لەو شارەدا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە گواسترابووەوە، بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژکراوەتەوە. شێرکۆ حیجازی کە پێشتر بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە درابوو، ئێستا ماوەی دوو مانگ و پێنج ڕۆژ بەسەر دەستبەسەربوونەکەی تێپەڕ دەکات. بڕیاری دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە کە لە هەر چەشنە چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر بێبەشکرابوو، لە مانگی ڕەزبەریشدا بۆ ماوەیەکی هاوشێوە درێژ کرابۆوە. شێرکۆ حیجازی، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، لەگەڵ لێدان و بێڕێزی کردن لە شەقامی “شۆهەدا”ی شاری سەقز و لە نزیکی شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەر کراوە.