بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ، بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی “محەممەدڕەزا قەیتەرانی” لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ درێژ کرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قەیتەرانی، ماوەی درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە ١٥ ڕۆژ ڕاگەیەندراوە. جێگای ئاماژەیە، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕ، هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی بنەماڵەی محەممەدڕەزا قەیتەرانی و ئەو لاوە تەمەن ٢٢ ساڵەیان بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەستبەسەر کردبوو. شایانی باسە، محەممەدڕەزا قەیتەرانی ڕۆژی هەینی ١ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە گۆڕەپانی ئیستقلالی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای سێ مانگ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.