بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتی سێ هاووڵاتی دەستبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ڕەوف شێخمەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی کە لە ڕەوتی شۆرشی ژینا لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون و تۆمەتی «افساد فیالارض»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە، لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکانەوە بۆ ماوەی دوو مانگی تر درێژ کرایەوە.
ڕەوف شێخمەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی لە ڕەوتی شۆرشی ژینا و لە ڕۆژانی ٥ی بەفرانبار، ٣ و ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
ئەم هاووڵاتیانە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکاندا» لە بۆکان خرانە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری دەروونییەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانە، هەرسێکیان تۆمەتەکەیان ڕەت کردووەتەوە.
ئەم سێ هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرانەوە بۆ زیندانی بۆکان و تا ئێستا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لەم زیندانەدان. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرسێکیان لە ساتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆیان بێبەش بوون و پێیان ڕاگەیەنراوە کە خودی دادگا پارێزەری بۆ دیاری کردوون.
ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «افساد فیالارض» بووەتە مایەی پەرسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست مەترسیی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەم سێ هاووڵاتییەدا.