فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی جەنایاتی جەنگیی دەوڵەتی تورکییە لە کوردستانی سووریە
چوارشەممە ۲۷-۱۰-۱۴۰۲   |  17-01-2024

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکان ئەرتەشی تورکییە لە شەوی ١٢ی مانگی ژانویەوە هەتا ئێستا دەیان ژێرخان و ناوەندی بەرهەمهێنانی بەرق و ئاوی خواردنەوە، ناوەندی ئاگرکووژێنەوە، باخەکان، ناوەندەکانی ڕاگرتنی دانەوێڵە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی لە ٥٦ ناوچەی کوردستانی سووریە بۆمباران کردووە. بۆمبارانەکانی ئەم دوایانە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە هەتا ئێستا یەکێک لە قورسترین بۆمبارانەکانی ئەرتەشی تورکییە بۆسەر کوردستانی سووریە بووە. بەهۆی هێرشی فڕۆکە و درۆنەکانی هێزی ئاسمانی ئەرتەشی تورکییە لەماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە ژێرخان و ناوەندەکانی خزمەتگوزاری لە ناوچەکانی “دێریکەوە” هەتا “قامیشلۆ” و “عامودا”، “دەرباسییە”، “کۆبانێ” و “شەهبا” لە کوردستانی سووریە بەتەواوی وێران بوون و یان خەساری جیددیان بەرکەوتووە. بەهۆی بۆمبارانی ناوەند و وزەخانەکانی بەرهەمهێنانی بەرق لە شارەکانی کۆبانێ، عەین عیسا، عامودا، ترپە سپی و دەرباسییە، جەریانی بەرق لەم شارانە و لە سەدانی گوندی دیکەی ناوچەکە قەتع بووە و چەندین کەسی بێدیفاع برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی فاشیستی تورکییە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە جەریانی ئەم هێرشانەدا ژمارەیەک لە هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک کوژراون. بەڵام فەرماندەیی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک لە ڕاگەیاندنێکدا ئیدیعای وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی تورکییەی ڕەتکردەوە و ئەم ئیدیعا درۆیینەی پاساوێک بۆ جەنایاتی جەنگیی ئەرتەشی تورکییە لە کوردستانی سووریە پێناسەکرد. دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆغان لە حاڵێکدا ئەم جەنایاتە جەنگییە بەدژی خەڵکی کوردستانی سووریە درێژە دەدات کە لەژێر گوشاری بیروڕای گشتیی تورکییەدا لەوپەڕی دووڕووییدا هێرشی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بۆسەر ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و تەندروستی لە کەرتی غەززە لەژێرناوی تاوانی شەڕ و تاوان دژبە مرۆڤایەتی مەحکووم دەکات.

بۆمبارانی ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و جەنایاتێک کە دەوڵەتی ئەردۆغان لە کوردستانی سووریە ئەنجامی دەدات وەبیرهێنەرەوەی ئەو جەنایەتانەیە کە شوڤنیستە دەسەڵاتدارەکان لە تورکییە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجامیان داوە. كوشتاری ئه‌رمه‌نیه‌كان له‌ ساڵه‌كانی كۆتایی ئیمپراتووری عوسمانی، كوشتاری خه‌ڵكی “دێرسیم” به‌ چه‌كی كیمیایی له‌ ساڵه‌كانی ١٩٣٧ – ١٩٣٨، كوشتاری كورده‌ عه‌له‌ویه‌كان له‌ لایه‌ن “گورگه‌ بۆره‌كان” و ده‌زگای ئه‌منیه‌تی له‌ “مه‌رعه‌ش” له‌ مانگی دێسامبری ١٩٧٨، جه‌نایه‌تی ئه‌رته‌شی فاشیستی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ له‌ ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی زایینی كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ٤ هه‌زار گوندی كوردستان چۆڵ كرا و زیاتر لە یه‌ك و نیو ملیۆن ماڵی خه‌ڵك له‌ ژێر بڵێسه‌كانی ئاگردا سووتان و ٤ ملیۆن كه‌س له‌ خه‌ڵكی كوردستان ناچار به‌ كۆچی زۆره‌ملی كران و هه‌زاران كه‌سی دیكه‌ش ده‌ستبه‌سه‌ركران یاخۆد گیانیان له‌ده‌ست دا. ئەم تاوانە ڕێکخراوانە لە کارنامەی پێشینیانی دەوڵەتی ئاک پارتیدا تۆمارکراون. ئەردۆغان لەڕاستیدا بە بۆمبارانی بەردەوامی ناوەند و ژێرخانەکانی خزمەتگوزاری و ماڵی خەڵک لە کوردستانی سووریە و بە ئاوارەکردنی خەڵکی بێتاوان هەمان ڕێگا درێژە دەدات.

هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوا و ژێرخانە خزمەتگوزارییەکان، لەحاڵێکدا ئیدامەی هەیە کە ئەرتەشی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی فەزای ئاسمانیی ئەم ناوچەیەی لە ئیختیاردایە. هەروەها هێزەکانی ئەرتەشی ئەمریکا لەژێرناوی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژبە داعش، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە هێزەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاواش بەشێک لەم هاوپەیمانییەن، خاوەنی چەندین پایەگای نیزامی لە کوردستانی سووریەیە. کەوابوو نابێ گومان لەوەدا هەبێت کە هێرشی ئەرتەشی تورکییە بەدژی خەڵکی کوردستانی سووریە بە تەوافوقی زمنی لەگەڵ ئەرتەشی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت. لە وەها بارودۆخێکدا هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی دەسەڵاتدار لە کوردستانی سووریە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا نەتەنها لەڕاستای بەرژوەندی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانی سووریەدا نییە، بەڵکوو لە ئیعتباری بزووتنەوەی مافخوازانەی ئەم ناوچەیەش زەربەی قەرەبوونەکراوەی داوە. دەوڵەتی ئەمریکا کە هاودەستی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە کوشتاری خەڵکی غەززەیە و پەروەندەیەکی پڕ لە کوودتا و جەنایەتی لە سەرکوتی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی سەرانسەری جیهاندا هەیە، ناتوانێ داکۆکیکاری ڕاستەقینەی ماف و بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستانی سووریە بێت.

لەلایەکی دیکەوە نابێ ڕۆڵی تێکدەرانە و دووڕوویانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نادیدە بگیرێت کە بە ڕواڵەت باسی دۆستایەتی لەگەڵ خەڵکی کوردستانی سووریە دەکات و بەنهێنی خەریکی پیلانگێڕی بەدژیانە. هاوئاهەنگی و هاوکاریی دەوڵەتانی ئێران، عێراق و سووریە لەگەڵ ڕژیمی تورکییە لە ئەنجامدانی هێرشی نیزامی و ئەمنیەتی و سیخوڕی بەدژی خەڵک لە هەموو بەشەکانی کوردستان، سیاسەتی لەمێژینەی ئەم دەوڵەتانەیە و سەرەڕای ناکۆکیی نێوانیان، بە هاوکاریی یەکتر بەڕێوەی دەبەن.

بێگومان مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بۆسەر خەڵکی تێکۆشەر و زەنجدیتووی کوردستانی سووریە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی بەرق و ئاو و ناوەندە دەرمانییەکان لە ڕۆژئاوا بەتوندی مەحکووم دەکات. لە بارودۆخی قەیرناوایی ئێستادا کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستانی سووریە تەنها بە پشت بەستن بە هێزی ڕێکخراوی خۆیان و بە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری سووریە و لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەتوانن لە بەرابەر پیلانگێڕیی حکوومەتە فاشیست و سەرکوتگەرەکان موقاومەت بکەن و توانا و هێزێکی تازە ببەخشن بە خەباتی خۆیان لەپێناو ڕووخاندنی ڕژیمە دیکتاتۆرەکان و دەستەبەرکردنی ئازادی و بەرابەری و ڕەفاهی ئینسانەکان.