فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی قەیراننانەوەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی و ئاکامەکانی
دوشەممە ۱۴-۰۳-۱۴۰۳   |  03-06-2024

دەستتێوەردانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوەندەکانی قەیرانی ناوچەکە و هەوڵ بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و هاوکاری نەکردن و وڵامنەدانەوە بە پرسیارەکان و بایەخنەدان بە هۆشدارەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، لەم دواییەدا بووەتە هۆی داسەپاندنی گەمارۆی زیاتر لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە. تا ئەو جێیەی بە دەخاڵەتی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین و هەروەها شەڕ و جینوسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین پەیوەندی هەیە، ڕۆژی هەینی ١١ی مانگی جۆزەردان، “شۆرای ئورووپا” کە باڵاترین ناوەندی یەکیەتیی ئورووپا لەبواری داڕشتنی سیاسەتە، ڕایگەیاند: ”بەهۆی پێدانی درۆن و مووشەک بە گرووپە چەکدارەکان و ئەو ناوەندانەی کە ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سوور لاواز دەکەن و هەروەها بەهۆی ناردنی درۆن و یارمەتی بۆ ڕووسیە لە شەڕ لەگەڵ ئۆکراین، سزای بەسەر ٩ کەسایەتی و دامەزراوەی دیکەی کۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە”.

ئەم ناوەند و کەسایەتییانە بریتین لە: هێزی دەریایی سپای پاسداران، قەرارگای “خاتەمولئەنبیا”ی سپای پاسداران کە ناوەندی سەرەکییە لە یڕیاردانی عەمەلیاتی نیزامی و جێگیرکردنی درۆن، فەرماندەی ئەم قەرارگایە، شیرکەتی فڕۆکەسازیی ئێران، شیرکەتی “کاوان ئێلێکترۆنیکی بێهراد” بۆ دروستکردن و فرۆشتنی پێداویستیی درۆن، بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەم شیرکەتە، وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی، فەرماندەی سپای قۆدس و سەرۆکی ڕێکخراوی سەنایعی هەوایی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی. لەسەر بنەمای ئەم سزایە، ژمارەی حساب و سەروەت و سامانی ئەو کەس و دامەزراوە سزادراوانە لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا بلۆک دەکرێن و ئەم کەسانەش ناتوانن بۆ وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا هاتوچۆ بکەن. جێبەجێ کردنی ئەم گەمارۆیانە سەران و فەرماندەکانی سپای پاسداران دەخاتە ژێر فشارەوە کە سەرمایەیەکی زۆریان لەڕێگەی دزی، گەندەڵی و ڕانتخۆرییەوە بەدەستهێناوە و لە حیسابە شەخسییەکانیاندا لە بانک و دامەزراوەی دەوڵەتانی یەکیەتی ئۆرووپادا ڕایانگرتووە و یان سەرمایەگوزارییان کردووە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاش ڕۆژی هەینی ١١ی مانگی جۆزەردان، تەنیا لە پێوەند لەگەڵ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەکارهێنانی لە لایەن ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین، سزای دیکەی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاند.

بەڵام جگە لە پرسی دەستتێوەردانی ڕژیمی ئیسلامی لە ناوەندەکانی قەیرانی ناوچەکە، پەرەسەندنی چالاکیی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی هۆکارێکی دیکەیە بۆ سەپاندنی گەمارۆ نوێیەکانی یەکیەتیی ئورووپا بەسەر کۆماری ئیسلامیدا. ”شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی” ساڵ و نیوێک لەمەوبەر لەڕێگەی بڕیارنامەیەکەوە داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە: ”دەستبەجێ لەگەڵ کارناسانی ئاژانس هاوکاری بکات و زانیاریی پێویست سەبارەت بە زەڕاتی ئۆرانیۆمی دۆزراوە لە سێ سایتی نهێنی و ڕانەگەیەندراو پێشکەش بکات.” بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕافائیل گرۆسی، بەرپرسی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، کۆماری ئیسلامی هێشتا وەڵامی ئەرێنی بەو بڕیارنامەیە نەداوەتەوە. هەربۆیە هەفتەی ڕابردوو سێ زلهێزی سەرەکی یەکیەتیی ئورووپا (فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا) لەسەر داسەپاندنی گەمارۆی زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامی ڕێککەوتن کە بڕیارنامەیەک بەمەبەستی مەحکوومکردنی ڕژیمی ئیسلامی بۆ کۆبوونەوەی وەرزیی “شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی” لە ڤیەن ئامادە بکەن. ئەم کۆبوونەوەیە قەرارە ڕۆژی ١٤ تا ١٨ی مانگی جۆزەردان (سێ تا حەوتی مانگی ژوئەن” بەڕێوەبچێت. دەرکردنی وەها بڕیارنامەیەک بەپێی بڕگەکانی بەرجام کە دەوڵەتانی (١+٥) و کۆماری ئیسلامی لەسەری ڕێککەوتوون، دەتوانێ “مێکانیزمی ماشە” چالاک بکات و هەموو ئەو گەمارۆیانەی کە لابردراون بۆ جارێکی دیکە بەسەر کۆماری ئیسلامیدا بسەپێنێتەوە. ئاشکرایە کە گەڕانەوەی ئەو گەمارۆیانە لە بارودۆخی ئێستادا ژیان و بژێوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا زیاتر بەرەوڕووی هەژاری و نەهامەتی دەکات.

هەواڵنێریی ڕوویتێرز ڕۆژی چوارشەممە ٩ی مانگی جۆزەردان ئاشکرای کرد کە دەوڵەتانی فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا (ئەندامی بەرجام)، لەسەر داوای ڕافائێل گرۆسی و سەرەڕای دژایەتیی ئەمریکا پێشنووسی بڕیارنامەیەکیان بۆ پەسەندکردن لە کۆبوونەوەی شۆرای حوکامی ئاژانس بەمەبەستی داسەپاندنی گەمارۆی زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامی ئامادە کردووە. دەوڵەتی بایدێن کە دەمێکە چووەتە ناو پڕۆسەی سازان و موعامەلە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دەیهەوێ لە دەرکردنی ئەم بڕیارنامەیە ڕێگری بکات. لەم ماوەیەدا دەوڵەتی بایدێن لە بەرامبەر کردەوەی نیزامی و تیرۆریستی و قاچاغی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی ئورووپا بێدەنگیی گرتووەتە بەر. هەڵسووکەوتی موعامەلەگەرانەی دەوڵەتی بایدێن لە ڕوانگەی دەوڵەتانی ئورووپاوە نەتەنیا هیچ دەستکەوتێکی نەبووە بەڵکوو ئیمکان و دەرفەتی بۆ کۆماری ئیسلامی خوڵقاندووە تا قەیرانی زیاتر دروست بکات. لە بارودۆخێکدا کە ڕاپۆرتەکان باس لە چوونەسەری ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی دەکەن، ڕژیم بە بیانووی مەرگی ڕەئیسیی قاتڵ لە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، خۆی دەبوێرێت. بە بڕوای کارناسانی “ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی” هەتا ئێستا هیچ دەوڵەتێک، بە بێ پلانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەم ڕێژەیە لە ئۆرانیۆمی ٦٠ لەسەدی نەبووە و ئامانجی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ غەیری نیزامی و ئاشتیخوازانە بێت.

دوودڵی کۆماری ئیسلامی لە درێژەدان بە دانوستانەکانی بەرجام لە بارودۆخی ئێستادا بەلەبەرچاوگرتنی ململانێ و بلۆکبەندیی زلهێزە ئیمپریالیستەکان دەتوانێ لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی چین و بەتایبەتی ڕووسیەدا بگونجێت کە کۆماری ئیسلامی خۆی لە بەرەی ئەواندا دەزانێت. بەڵام بێگومان، چڕبوونەوەی گەمارۆی تاوانکارانەی ئەمریکا و زلهێزە ئورووپاییەکان، قەیرانە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو پەرە پێدەدات. ئەگەرچی هەتا ئێستا ئەم گەمارۆیانە بۆ مافیا ئابوورییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە قازانج بووە، بەڵام بۆ کرێکاران و چین و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگا زۆر زیانبار بووە و گوشاری زیاتری خستووەتە سەر ژیانی ئەوان. بەڵام ئەوەی لە هەلومەرجی ئێستادا بۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی گرینگە، مسۆگەرکردنی بەردەوامیی دەسەڵاتەکەیانە. هەڵبەت نە ئەمریکا و نە زلهێزەکانی دیکەی سەرمایەداری کێشەیان لەگەڵ مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نییە و گوشارە کۆنتڕۆڵکراوەکانیان بە ئامانجی ڕووخاندنی نییە، بەڵکوو لە خزمەتی ڕامکردنی ئەم ڕژیمەدایە. بەڵام کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداران بە هۆکاری سەرەکی هەژاری و نەهامەتی ئابووری و زەوتکردنی ئەمنیەت و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەزانن و چاوەڕوانی ڕووخانی ئەم دەسەڵاتەن.