ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٨ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، بازاڕیانی ئابدانان مانیان گرت و له چه‌ندین شاری ئێران له‌وانه بۆكان، مهاباد، ئیلام، سه‌قز و كوهده‌شت و چەندین شاری دیکە دژبه ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی ڕژانه سه‌ر شه‌قام و خۆپێشاندانیان كرد.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، كاسبكاران و بازاڕیانی شاری ئابدانانی ئیلام له چله‌ی گیانبه‌ختكردووی ڕێگای ئازادی ”موحسین قه‌یسه‌ری” مانیان گرت و دووكانیان نه‌كرده‌وه، هه‌روه‌ها له كاتی نیوه‌ڕۆ له شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره لاوانی شۆڕشگێڕ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه.
له‌شاری سه‌قز و له ناوچه‌ی قهوەخ، خه‌ڵكی ناڕازی به به‌ستنی شه‌قامه‌كان و ئاگركردنه‌وه ڕێگاكانیان داخست.
خه‌ڵكی ئازادیخوازی كوهده‌شتی لوڕستانیش له ناوه‌ندی ئه‌و شاره كۆبونه‌وه و دروشمی “مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر”یان به‌رزكرده‌وه.
لە مهاباد و بۆكان لاوانی شۆڕشگێڕی ئەو شارانە له كاتی ئێواره و له‌گه‌ڵ تاریك بوونی هه‌وا به كردنه‌وه‌ی ئاگر و داخستنی شه‌قامه‌كان خۆپێشاندانیان ده‌ستپێكرد.
لاوانی بوێری دیوانده‌ره له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون.
له وێستگه‌كانی میترۆی تاران خه‌ڵكی ناڕازی دروشمی “خامنه‌یی چۆلاغه، قاتڵی شاچراغه”یان وته‌وه .
خه‌ڵكی شۆرشگێری ئیلام به دروشمی “مه‌رگ و نه‌مان بۆ كۆماری ئیسلامی” ڕژانه سه‌ر شه‌قام و ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كانیان داخست.