درێژەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانی لە پاڵاوگەکانی پارسی جنووبی
یەکشەممە ۱۳-۱۲-۱۴۰۲   |  03-03-2024
کرێکارانی پەیمانی لە پاڵاوگەکانی پارسی جنووبی، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی ڕەشەممە، سەرلەنوێ دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کرێکارانی ناڕازی بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر بینای ئیداری پاڵاوگەکانی دامەزڕاوەی گاز، هەمدیسانەوە پێداگریان لەسەر خواستەکانیان لەوانە، “گەڕانەوەی خێرای شۆفیرانی دەرکراو لە شیرکەتەکانی پەیمانکاری، نەمانی شیرکەتە پەیمانکارییەکانی دابین کردنی هێزی کار، پێداچوونەوە و بەکردەوە دەرهێنانی گەڵاڵەی ڕیزبەندی کارە سەخت و زیانبارەکان، داڕشتنەوەی گرێبەستی ڕاستەوخۆ لەگەڵ شۆفیرانی شیرکەتە پەیمانکارییەکان لە لایەن پەیمانکاران و چاکسازی لە بەندەکانی ئەم گرێبەستە و هەروەها بەکردەوە دەرهاتنی یاسای پشوودان بە شێوەی ٢ بە ٢ بۆ کرێکارانی پشتیوانی”، کردەوە.