هێرشە کیمیاییە سیستماتیکەکان بۆ سەر قوتابخانەکان لە شارە جیاوازەکانی تاران، کەرەج، ورمێ، خۆی، سنە و کرماشان درێژەی هەیە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆری قوتابی لە دە قوتابخانەی کچانەکاندا ژهراویبوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی فەرزانگانی دوو و هەروەها قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری ورمێ.
هاوکات، قوتابخانەی کچانەی نێرگز لە شاری خۆی و قوتابخانەی کچانەکانی مەهدیە، قودووسی، فاتمە زەهرا و عیسمەت لە شاری کرماشان، کرانە ئامانجی هێرشی کیمیایی و ژمارەیەکی زۆری قوتابی بە هۆییەوە ژەهراویبوون و بۆ نەخۆشخانەکان گواسترانەوە.
هەروەها هێرشی کیمایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی فەرزانگانی یەک لە شاری سنە و بە هۆییەوە لانیکەم ٨ قوتابی بەهۆی هەڵمژینی ئەم گازانەوە ژەهراویبوون.
هەروەها هێرشی کیمایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی بنت الهدی لە تاران و قوتابخانەی کچانەی سەدر لە کەرەج و لە وێنە و ڤیدیۆکاندا لە قوتابخانەی بنت الهدی دەردەکەوێت کە ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی ڕژیم لە دەوروبەری ئەو قوتابخانەیە جێگیرکراون.
هەر لەم ڕاستایەدا، دوای بڵاوکردنەوەی چەند بانگەوازێکی پێشینەی قوتابییان لە شاری سەقز بۆ مانگرتن لە دژی ژەهراویکردنی سیستماتیکی قوتابییان بە گازی کیمیایی، مانگرتنێکی بەرفراوان لەسەر ئاستی ئەم شارەدا بەڕێوەچوو.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی سنفی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زێویە) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ژەهراویکردنی قوتابیانیان سیستماتیک و ڕێکخراو ناوبرد. لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە بکەرانی ئەم کارە لەلایەن دەسەڵاتەوە پشتیوانیان لێدەکرێت. هەروەها قوتابییانی سەقز ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی سێشەممەش قوتابخانە بایکۆت دەکەن و لە پۆلەکانی خوێندندا ئامادە نابن.