دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران، چارەنووسی دوو برای خەڵکی ئیلام بە ناڕوونی ماوەتەوە
دوشەممە ۲۱-۰۹-۱۴۰۱   |  12-12-2022
چارەنووسی ئەمیرعەلی زاکری فەرد و عیماد زاکری فەرد، دوای تێپەڕینی ٤٠ ڕۆژ لە ڕفاندنیان لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە، هەتا ئێستا ناڕوونە. ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی خەزەڵوەر،هێزەکانی ڕژیم لە شاری ئیلام دوو برایان بە ناوەکانی ئەمیرعەلی زاکری فەرد و عیماد زاکری فەرد ڕفاندووە. هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم دوو برایە لەبەردەست دا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەم ڕاستایەدا بێ ئەنجام ماوەتەوە.
لە ماوەی ٨٠ ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم ٨ هاووڵاتی کورد دوای ڕفاندنیان لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندەکانی حکومەت گیانیان لەدەست داوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی جددی بۆ بنەماڵەی دەستبەسەرکراو و ڕفێندراوان لە کوردستان.