رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راگەیێندراوێکدا باس لە بارودۆخی نەخۆشخانەی شەفا لە باکووری کەرتی غەززە دەکات.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاشماوەی هێرشی ئاسمانی و شەڕ و پێکدادان بە نەخۆشخانەکەوە دیارە و دەشڵێت، لە حەوشەی نەخۆشخانەکەدا تیمەکەمان گۆڕێکی بەکۆمەڵیان بینیوەتەوە کە لانیکەم ٨٠ تەرمی تێدابووە. تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تیمەکەیان لەگەڵ سپای ئیسرائیل چووەتە نەخۆشخانەکە و بۆ ماوەی کاژێرێک لەوێ بووە و دەشڵێت، دۆخی نەخۆشخانەکە زیاتر لە ناوچەی جەنگی دەچێت. تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەش کردووە، نەخۆشخانەکە چیدیکە ناتوانێت بریندار و نەخۆشی نوێ وەربگرێت و دەشڵێت، “ئێمە و هاوبەشەکانمان سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی بەپەلەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی خێرا، سەرجەم بریندار، نەخۆش و ستافی نەخۆشخانەکە بگوازینەوە. شایانی باسە، بەهۆی جەنگە ٤٥ رۆژییەکەی کەرتی غەززە، ژێرخانی کەرتی تەندروستیی ئەو ناوچەیە گەورەترین زیانی بەرکەوتووە و لەکۆی ٣٥ نەخۆشخانە ٢٦یان لەکار کەتوون و خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەش ناکەن.