رۆژی هەینی ٢٨ی ڕەزبەر تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاوی کردەوە، لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەرەوە هەتا ئێستا، لانیکەم ٤ هەزار و ١٣٧ کەس لە ناوچەیەی فەلەستین، گیانیان لەدەستداوە کە هەزار و ٦٦١ کەسیان منداڵ و ٤٢ کەسیان کارمەندی تەندروستی بوون و هەروەها ١٣ هەزار و ١٦٢ کەسیش هەر لەو ناوچەیە بریندار بوون.
هاوکات گرژییەکان کەرتی رۆژئاوای فەلەستینیشی گرتووەتەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی ئەو ناوچەیەی فەلەستین، لەو ناوچەیەش تاوەکو ئێستا ٨١ هاووڵاتیی فەلەستینی کە ٢٠یان منداڵ بوون، کوژراون. لە لایەکی دیکەوە، شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیلیش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتیی كەرتی غەززە کە ٥٢٧ هەزار و ٥٠٠ کەسیان لە ١٤٧ پەناگەی ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەمێننەوە. هاوکات ڕۆژی هەینی، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەرەوە هەتا ئێستا، هەزار و ٤٠٠ کەس لە ئیسرائیل کوژراون و ٤ هەزار و ٨٣٤ کەسیش بریندار بوون کە برینی ٢٩٢ کەسیان سەختە. بەگوێرەی زانیارییەکانی سپای ئیسرائیل، ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ کەسیش چارەنووسیان دیار نییە کە پێ دەچێت رفێندرابن و ئاماژە بەوەش دەکات، ٣٠ کەس لەوان تەمەنیان لە خوار ١٦ ساڵە و ١٠ بۆ ٢٠ کەسیان تەمەنیان سەرووی ٦٠ ساڵە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، جەنگی ئەمجارەی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە دوای ئەوە دەستیان پێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە ١٥ی ڕەزبەر، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە “تۆفانی ئەقسا”ی دژی ئیسرائیل راگەیاند و ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە “شمشێری پۆڵاین”ی راگەیاند.