فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دوایین هەوالەکان سەبارەت بە ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ ئێران
یەکشەممە ۰۳-۰۷-۱۴۰۱   |  25-09-2022

نیوه‌ڕۆی ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢ی ڕه‌زبه‌ر، خوێندكارانی زانكۆی تاران بۆ جارێكی دیكه‌ له‌ زانكۆ كۆبوونه‌وه‌ و دروشمی “مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر” و “مه‌رگ بۆ خامنه‌یی”یان وته‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیمه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌ سه‌ر و ڕاسته‌وخۆ به‌ فیشه‌كی ساچمه‌یی خوێندكارانیان كرده‌ ئامانج و چه‌ندین كه‌سیان ده‌ستبه‌سه‌ركرد، ئێواره‌ش شاری شیراز خه‌ڵكی ناڕازی ئه‌و شاره‌ له‌ چه‌ند شه‌قام ڕژانه سه‌ر شه‌قام و دروشمی “مه‌رگ بۆ خامنه‌یی”یان وته‌وه‌، له‌ شاری ئامۆل خۆپێشانده‌ران شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌یان داخست و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم به‌ڕه‌ورووبوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها شه‌وی ڕابردووش له‌ شاری ئه‌لوه‌ندی سه‌ر به‌ ئوستانی قه‌زوین ئۆتۆمبێلی سه‌ركوتگه‌ران سووتێندرا، له‌ به‌نده‌ر عه‌باس حه‌وزه‌ی عیلمیه‌ی مه‌لاكان سووتێندرا و شه‌ڕێكی قورس له‌ نێوان هێزه‌كانی ڕژیم و لاوانی شۆرشگیری ئه‌و شاره‌ ڕوویدا، له‌ شاری برووجێردی سه‌ر به‌ لورستان، سرویسی گواستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم سووتێندرا، له‌ شاری قوم بنكه‌یه‌كی به‌سیج ئاگردرا و له‌شاره‌كانی كاشمه‌ر و گورگان ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌خت له‌نێوان خۆپێشانده‌ران و هێزه‌كانی ڕژیم ڕوویدا. به‌ پێی دوایین زانیاری،شاره‌كانی قوم، شیراز، تاران و ئیسفه‌هان، سنە، شنۆ، مهاباد، زه‌ڕین شار، شاهین شار و ڕه‌شت زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی تاران و چەند شاری دیکە خه‌ڵك بۆ جارێكی دیكه‌ ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دژبه‌ به‌رپرسانی باڵای ڕژیم دروشمیان وتووه‌ته‌وه‌.