فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دوایین ڕاپۆرت لەسەر مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان
شەممە ۲۵-۰۶-۱۴۰۲   |  16-09-2023

هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی حکوومەتی “ژینا ئەمینی” لە لایەن هێزەکانی ڕژیم و ساڵڕۆژی دەست پێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دوای بانگەوازی پێشووختەی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و هەروەها ڕێکخراوە و چالاکە مەدەنییەکانی کوردستان، دووکانداران و کاسبکارانی لانیکەم ١٨ شار مانگرتنێکی بەرینیان بەڕێوەبرد.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، لە ١٨ شاری کوردستان لەوانە، بۆکان، دێهگولان، مەریوان، ورمێ، سنە، کامیاران، بانە، قوروە، ئیلام، بیجاڕ، ڕوانسەر، سەقز، مەهاباد، شنۆ، دیواندەرە، سەردەشت، پاوە و میاندواو بەڕێوە چوو. هاوکات ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە کوردستان، کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم و بەتایبەت نیشانەشکێنەکان لە شار و شوێنە جیاوازەکان بەتایبەت لە شاری سەقز جێگیر کراون و هێزی سەرکوتگەر و یەکەی تایبەت بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییان دەسووڕێنەوە، هەروەها هەلیکۆپتەرەکانی سپای پاسدارانیش بەردەوام لە ئاستێکی نزمدا بەسەر ئاسمانی شارەکانی کوردستاندا خەریکن دەسووڕێنەوە. جێگای ئاماژەیە، ساڵی ڕابردووش چەند جار بە هۆکار و بۆنەگەلی جیاوازەوە مانگرتنی هاوشێوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا لە شارەکانی کوردستان بەڕێوە چوبوو. شایانی باسە، چالاکانی پیشەیی و کاسبکاران لەم پەیوەندییەدا لە لایەن ناوەندەکانی ڕژیمەوە بەناچار بەڵێننامەیان پێ واژۆ کراوە و سزای پێبژاردنیشان بەسەردا سەپاوە. بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ئەم مانگرتنانە لە کاتێکدایە کە دۆخێکی میلیتاریزە و هاوشێوەی بارودۆخی شەڕ لەلایەن هێزەکانی ڕژیم بەسەر شارەکانی کوردستاندا سەپێندراوە و هەزاران هێزی سەرکوتکەر و چەکداری پڕچەک بە کەرەستەکانی شەڕ، زرێپۆش، هیلیکۆپتەر و فڕۆکەی سەربازی لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا بۆ شارەکانی کوردستان گواستراونەتەوە. هەروەها لە چەند حەفتەی ڕابردوودا زۆربەی کاسبکاران و دووکاندارەکان یان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ کراون یان لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێت لەم مانگرتنەدا بەشداری بکەن و هەر لەم پەیوەندییەشدا پێنج ئەندامی یەکێتیی زێڕفرۆشانی شاری بۆکان دەستبەسەر کراون.