فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دووڕوویی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم داکۆکیکارەی مافی مرۆڤ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ تاڵەبان
پێنجشەممە ۱۴-۰۴-۱۴۰۳   |  04-07-2024

ڕۆژی دووشەممە ١١ی مانگی پووشپەڕ سێهەمین کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیوەند لەگەڵ ئەفغانستان بە بەشداریی نوێنەرانی ٢٥ دەوڵەت و پێنج ڕێکخراوی نێونەتەوەیی، بە بەشداریی هەیئەتێک لە تاڵەبان لە دۆحە پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە بە بێ بەشداریی هەواڵنێران و لە پشت دەرگای داخراو بەڕێوەچوو. تاڵەبان بۆ یەکەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی مەی ٢٠٢٣ لە پەیوەند لەگەڵ ئەفغانستان دەعوەت نەکرا و لە دووهەمین کۆبوونەوەی دۆحەش کە لە ڕێکەوتی ١٨ی مانگی فێوریەی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، ئەگەرچی دەعوەت کرابوو بەڵام بەهۆی قەبووڵ نەکرانی مەرجەکانی لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە بەشداریکردنی خۆی بوارد. مەرجی تاڵەبان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی دووهەم بەریتی بوو لە بەشدار نەبوونی ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەفغانستان لەوانە ژنان و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تاڵەبان لەم کۆبوونەوەیە و بەڕەسمی ناسینی تاڵەبان وەک تەنها نوێنەری مەشرووعی ئەفغانستان و خۆبەدوورگرتن لە باس و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پرسە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان لەم کۆبوونەوەیەدا. بەشداریی گرووپی تیرۆریستی ئیسلامیی تاڵەبان لە کۆبوونەوەی سێهەم و بەڕێوەچوونی لە پشت دەرگای داخراو و بەدوور لە چاوی هەواڵنێران و بە بێ بەشداریی ژنان و گرووپە مەدەنی و ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەمانای قەبووڵکردنی مەرجەکانی تاڵەبانە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەش بێگومان پەڵەیەکی شەرمەزارییە بەناوچاوانی ئەم ڕێکخراوەوە.

زۆرێک لە دەوڵەتەکانی سەرمایەداری لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو بەخاتری بەرژەوەندی ئابووری و دەستڕاگەیشتیان بە سەرچاوە دەوڵەمەندە سرووشتی و گرانەکانی ئەفغانستان لەوانە ئۆرانیۆم، کرۆم، نیکل، زێڕ، مس، نەوت، گاز و … هەوڵیان داوە تاڵەبان بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان بگەڕێننەوە تا زەمینە بۆ بەڕەسمی ناسینی ئەم ئیماراتە ئیسلامی و کۆنەپەرست و تیرۆریستە فەراهەم بکەن. لەم پەیوەندییەدا مانگی ئاوریلی ساڵی ڕابردوو هاوئاهەنگکاری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا پەیوەست بوونی دووبارەی حکوومەتی تاڵەبانی بە سیستمی ئابووری و سیاسیی نێونەتەوەیی پێشنیار کرد. چەند ڕۆژ بەر لە کۆبوونەوەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری تایبەتی یەکیەتیی ئورووپا لە کابۆل لەگەڵ تاڵەبان گفتوگۆی کرد. لە دووهەمین ڕۆژی ئەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری بانکی جیهانی ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی ئابووریی ئەفغانستان و گەمارۆ ئابووری و بانکییەکان پێشکەش کرد. ئەم هەوڵ و کۆبوونەوانە لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ چوونەوە بۆ ناو ئەفغانستان ئەنجام دەدرێت. ئەمە یەکەمین جارە کە ئیماراتی ئیسلامیی تاڵەبان ئیمکانی حزووری لە کۆنفڕانسە نێونەتەوەییەکاندا پەیدا کردووە. ئەگەرچی بەڕواڵەت هیچ ڕێککەوتنێک لەم کۆبوونەوەیەدا بەدەست نەهاتووە و نوێنەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ئەمە بەمانای بەڕەسمی ناسینی تاڵەبان نییە، بەڵام ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک “هەوڵێکی گرینگ بۆ تەعامول لەگەڵ تاڵەبان” باسی لێدەکات و بێگومان هەنگاوێکە لەڕاستای بەڕەسمی ناسینی تاڵەباندا. تەنانەت لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا هەیئەتی تاڵەبان لەگەڵ نوێنەرانی هێندێک لە دەوڵەتەکان لەوانە بریتانیا، نۆروێژ، هۆلەند، هێند، عەرەبستانی سعوودی، قەزاقستان و ئەندۆنێزی گفتوگۆیان کرد.

هەوڵ بۆ بەڕەسمی ناسینی تاڵەبان و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی تاڵەبان لەلایەن دەوڵەتەکان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، تاڵەبان هەروەک سەردەمی پێشوو هەوڵی داوە بە سەرکوت و کوشتار، یاسای خۆرافی و کۆنەپەرستانەی ئیسلامیی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێ. خوێندنگاکانی کچان دابخات تا لە خوێندنی ژنان ڕێگری بکات و ئەوان بەپێی شەریعەتی ئیسلام لە سووچی ماڵەکان پەستێوێ. هەوڵی داوە کۆمەڵگا لە توانا و هێزی ژنان لە هەموو بوارەکانی چالاکی و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بێبەری بکات. هەموو مافە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوەی تاکەکانی کۆمەڵگا بەهۆی ژن بوونیان زەوت بکات. کەوابوو هەوڵ بۆ بەڕەسمی ناسین و بەرقەرارکردنی پەیوەندی لەگەڵ وەها حکوومەتێک، بەڵگەیەکی دیکەی ڕووخانی ئەخلاق و دووڕوویی ئەم دەوڵەتانە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها بۆ ڕواڵەت پارێزی، لە وڵام بە ناڕەزایەتیی چالاکانی بزووتنەوەی ژنانی ئەفغان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی مانگی پووشپەڕ لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوەیەدا، ژمارەیەک لە نوێنەرانی چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەفغانستانی بانگهێشت کرد تا بەشێوەی جیاجیا لەگەڵیان دیدار بکەن. هێندێکیان ئەم بانگهێشتەیان ڕەت کردەوە و وتیان: ”دەعەوەت کردنی تاڵەبان بەپێچەوانەی بڕیارنامەی ٢ هەزار و ٧٢١ی شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشێلکردنی باقیی کۆنوانسیۆنەکانی ڕێگرکردن لە هەڵاواردنی ژنانە. ئەوان ڕایانگەیاند: ”لەکاتێکدا کە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، ژنان دەبێ لە مێزی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە بن نەک لە پەراوێزیدا”.جگە لەمەش ١١ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ پێشتر لەڕێگەی نامەیەک بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و شۆرای ئەمنیەت ڕایانگەیاندبوو کە نزیکبوونەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان نەیتوانیوە حکوومەتی تاڵەبان لە سەرکوتکردنی نیزاممەند ڕابگرێت.

کێبڕکێی جەمسەرە سەرمایەدارییەکان بۆ نفووز لە ئەفغانستان و نزیکایەتی لەگەڵ تاڵەبان یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوانە. ئەمریکا کە سێ ساڵ لەمەوبەر دوای ساڵەها داگیرکاری بە شکستێکی سەرشۆڕانەوە لە ئەفغانستان ڕایکرد، هاوڕێ لەگەڵ دەوڵەتەکانی ئورووپا هەوڵ دەدەن بە بەڕێوەبردنی ئەمجۆرە کۆبوونەوانە لە چەوساندنەوە لە ئەفغانستاندا دەورونەخشیان بێت. لە بەرامبەردا چین و ڕووسیە کە هەتا ئێستا لەگەڵ تاڵەبان پەیوەندیان بووە و موعامەلە و گرێبەستی ئابووریی زۆریان لەگەڵ واژۆ کردوون، بەبێ لەبەرچاوگرتنی پرسەکانی مافی مرۆڤ و بارودۆخی ژنان لە ئەفغانستان، خوازیاری لابردنی هەموو گەمارۆکان دژبە تاڵەبان و موخالفی ڕێگاچارەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوان. ڕووسیەش وێڕای پشتیوانی لە هەڵوێستەکانی تاڵەبان، ستایشی هەوڵەکانی زەبیحوڵڵا موجاهد وەزیری دەرەوەی تاڵەبانی کرد و حازر نەبوو بەشداری کۆبوونەوەی نوێنەرانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەفغانستان بێت.

بەڵام تاڵەبان بەرهەمی سیاسەتی داگیرکەرانەی دەسەڵاتەکانی سەرمایەدارییە و هەروەک باقیی گرووپ و دەوڵەتە ئیسلامییەکان درێژەی دەسەڵاتەکەی لە گرتنەبەری سیاسەتی سەرکوت، کوشتار، تیرۆر، جەنایەت و زەوتکردنی ئازادیی خەڵک دەبینێت و ناتوانێ خواست و داخوازیی خەڵکی ئەفغانستان بێنێتە دی. بۆ دەوڵەتانی سەرمایەداریی وەک ئەمریکا و چین و ڕووسیە و دەوڵەتە ئورووپاییەکان، ئەوەیکە گرینگە بەرژەوەندی سەرمایە و زیادکردنی ڕێژەی قازانجییانە. داکۆکیی درۆینەی ئەوان لە مافی مرۆڤ تەنها فریو و ڕیاکارییە. بۆ کرێکاران و جەماوەری ئازارچێشتوو و زەحمەتکێشی ئەفغانستان نە کۆبوونەوەی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری و نە هەوڵی دژبەران و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازیی حکوومەتی تاڵەبان لە ئورووپا، مایەی ئومێد نین. ئەوان تەنها بە خەباتی ڕێکخراو و لە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان دەتوانن لە چنگ تاڵەبان و زلێهێزەکانی سەرمایەداری ڕزگاریان بێت. سەرچاوە سرووشتییە زۆر و دەوڵەمەندەکانی ئەفغانستان لە دەستی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا دەتوانێ ژیانێکی ئینسانی بۆ هەموو خەڵک دابین بکات.