فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دیموکراسیی پەرلەمانی یەکێک لە فۆرمەکانی دەوڵەتی بۆرژوایی – بەشی دووهەم
پێنجشەممە ۰۸-۰۴-۱۴۰۲   |  29-06-2023

لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتەدا باسمان لەو بەربەستانە کرد کە سەرمایەداران دەیخەنە سەر ڕێگای چوونی نوێنەری کرێکاران بۆ پەرلەمان و هەروەها ئاماژەمان کرد بەو کردەوانەی کە سەرمایەداران بەهۆکاری زاڵبوونیان بەسەر کۆمەڵگا دەتوانن ئەنجامی بدەن. لەم بەشەدا باس لەو ئیقداماتە دەکەین کە لە چوارچێوەی ئابووری بانترن و بۆرژوازی وەک دوایین هەنگاو بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی بەکاریان دێنێت. چونکە لەوانەیە بوترێ ئەگەر مەسەلەی خاوەنداریەتی لە پێشکەوتن ڕێگری دەکات ئەوکات پەرلەمان دەتوانێ هەڵیوەشێنێتەوە. ئەمە هەڵبەت قسەیەکە کە سۆسیال دیموکراتەکان نزیکەی سەد ساڵە دەیڵێنەوە و هیچکات تا بە ئەمڕۆ جێبەجێ نەبووە. بەڵام ئەگەر ئەم ئەزموونە مێژووییە نادیدە بگرین. مەسەلەن بە حیسابی رێفۆرمیسمی ئەم ڕەوتانە دایبنێن و فەڕز بکەین پەرلەمان خاوەنداریەتیی تایبەت هەڵوەشێنێتەوە، ئەوکات چی دەبێت؟

ئەمە سێهەمین و گرینگترین خاڵ سەبارەت بە مەسەلەی دەوڵەت و پەرلەمانە لە دیموکراسییە بۆرژوازییەکاندا. پەرلەمان تەنها یەکێک لە ئامرازەکانی دەوڵەتی بۆرژواییە و ئەگەر کەسێک ئەمە نەبینێ خۆی و کەسانی تر بە قازانجی بۆرژوازی فریو دەدات. بۆرژوازی چینێک نییە کە بکرێ بەسادەیی بە ژمارەیەک کەسی دەوڵەمەند و خاوەن سەروەت پێناسە بکرێ. ئەم چینە بۆ پاراستنی پێگەی خۆی هاوکات لەگەڵ بەرهەمهێنانی ماددی، ئیدێئۆلۆگ و ئەحزابێک کە پێگەی نابەرابەری بۆ پاساو دەکەن، دین کە خەڵکیان بۆ ناوشیار و قانع دەکات، لە دەزگای دەوڵەتیش بەهرەمەندن. دەوڵەتی بۆرژوازی ئەو ناوەندەیە کە ئامرازی توندوتیژی و سەرکوت دەخاتە دەست چینی سەرمایەدارەوە. بۆرژوازی ئەوکات کە مەشروعیەتی یاسایی خۆی مەسەلەن بەخاتری بوونی پەرلەمانێک کە بەپێچەوانەی بەرژەوەندی بنەڕەتی هەڵسووکەوت دەکات، لە مەترسیدا دەبینێت، ئامرازێکی دەوڵەتیی دیکە بەکار دێنێ. بۆرژوازی خاوەنی ئەرتەش، پۆلیسی نهێنی، بوروکراسی و دەزگای قەزاییشە. واتە ئەو ناوەندانەی کە بۆرژوازی ئەرکی پاراستنی نەزم و ئەمنیەتی کۆمەڵگای پێ سپاردوون و پلە و پایەیان هەڵبژێردراو نییە و ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی چینی بۆرژواوە دیاری دەکرێن.

کەوابوو هەرکات دەنگی پەرلەمان درێژەی سوڵتەی بۆرژوازی بخاتە مەترسییەوە، هەرکات شەڕوکێشەی ناو پەرلەمان بەجۆرێک پەرەبستێنێ کە کۆمەڵگا تووشی قەیرانی سیاسی یان کۆمەڵایەتی بکات، ئەگەر هەرکات بۆشایی نێوان چینە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی بەگشتی دەسەڵاتی ئەم چینە لاواز بکات و بەستێن بۆ بزووتنەوەی جیددی کرێکاران ئامادە بکات، بۆرژوازی بۆ ڕێگری لەم مەترسییە ئامرازەکانی تری دەسەڵاتی دەوڵەتی بەکار دێنێت. لە زۆرێک لە وڵاتان مەقامێکی بان پەرلەمان بۆ ئەم بارودۆخە دیاریکراوە. شا، سەرۆککۆمار، ڕێبەر و هاوشێوەکانیان لەناکاو ئاستیان بۆ دادوەری نیهایی دادەبەزێ، لەمافی تایبەتیان کەڵک وەردەگرن و پەرلەمان هەڵدەوەشێننەوە. بەڵام ئەگەر وەزعەکە لەوەش خرابتر بوو و بەمانە چارەسەر نەکرا، ئەوکات بۆرژوازی بواری یاسایی وەلا دەنێت و دەزگای داسەپاندنی توندوتیژی و سەرکوت، واتە ئەرتەش و پۆلیس بەکار دێنێ و دەست دەداتە کودتا.

مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو پڕە لەو نموونانە کە نیشانی دەدات چۆن لە کاتی هەستیاردا بۆرژوازی ئەرتەش، پۆلیسی نهێنی، بوروکراسی، قازی، زیندان و جوخەی ئێعدام بەکار دەگرێت و ئەگەر ئەمانەش وڵامدەرەوە نەبوون ئەوکات لەڕێگەی لات و چەقۆکێش و گرووپە مافیاییەکان بەشێوەی غەیری پەرلەمانی و هەڵبەت نایاسایی بۆ بەدەستهێناوەی پێگەی لەدەستچووی دەکەوێتە کار. نموونەکانی لەماوەی سەدەی ڕابردوودا یەکجار زۆرن. ئەگەر لێرەدا لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئاسیایی چاۆپۆشی بکەین و تەنیا ئاماژە بکەین بە وڵاتانی ئەورووپایی کە سەرچاوەی دیموکراسیی پەرەلمانین، دەبینین کە لە ساڵانی دوای شەڕی جیهانیی یەکەم کە ئاخێزی جەماوەری خەڵک و خەباتی ڕێکخراوی کرێکاران دەسەڵاتی بۆرژوازیی خستبووە مەترسییەوە، بۆرژوازی هەموو ئامرازی توندوتیژی و سەرکوتی خۆی دژبە کرێکاران کە لە پەرلەمانیشدا نوێنەریان هەبوو بەکارهێنا.

لە ئیتالیا لە ساڵی ١٩٢٠ موسیلینی لەڕێگەی کودتاوە هاتە سەر کار و بیساتی زەبروزەنگ و سەرکوتی کرێکاران و سازمانە سینفی و سیاسییەکانی خستە ڕێ. لە ئاڵمان لە ساڵەکانی ١٩٢١ و ١٩٢٣ بۆرژوازی کرێکارانی دایە بەر گولـلە و شۆرای هەڵبژێردراوی کرێکارانی هەڵوەشاندەوە. لە ئینگلیس لە ساڵی ١٩٣٦ بۆرژوازی ئەرتەشی خۆی هێنایە مەیدان تا مانگرتنی گشتیی کرێکاران تێکبشکێنێ. لە ئۆتریش لە ساڵی ١٩٢٨ بۆرژوازی ڕاپەڕینێکی بەسەر کرێکاراندا سەپاند و هەزاران کرێکاری خەڵتانی خوێن کرد. لە ئەمریکا دوای دابەزینی بازاڕی بورس لە ساڵی ١٩٢٣، سەرمایەدارانی ئەمریکایی بۆ سەرکوتی کرێکاران کە خوازیاری پێکهێنانی یەکیەتییەکانیان بوون، بەڕەسمی لە باندە مافیاییەکان کەڵکیان وەرگرت.

لە ئێران هەر لە دەوروبەری ئەم ساڵانەدا دوو کودتا ڕوویدا. یەکیان کودتای ١٢٩٩ی هەتاوی کە ڕەزاخان هاتە سەر کار و مەجلیس بوو بە ئامرازێک بەدەستێوە و ئەوی تریش کودتای ١٣٣٢ بوو کە بوو بەهۆی ڕووخانی دەوڵەتی موسەدیق و هاتنەسەرکاری دووبارەی مەحەممەد ڕەزا شا.

لە ساڵەکانی دوای شەڕی جیهانیی دووهەم لە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا بێجگەلە یونان ، ساڵەکانی ٦٠ی زایینی کودتایەک ڕووی نەداوە. ئەویش ئەساسەن بەو هۆکارە کە سوڵتەی بۆرژوازی هێستا ئەوەندە نەکەوتبووە مەترسییەوە کە بۆرژوازی بۆ پاراستنی پێگەی خۆی دەست بۆ ئەم شێوازانە بەرێ. بەڵام هەرجار کە بارودۆخەکە مەترسیدار بووە بۆرژوازیی ئەورووپا ئامادەبوونی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەرجۆرە کردەوەیەکی بەپەلە نیشانداوە. بۆ نموونە ساڵی ١٩٥٧ لە فەڕانسە پرێزیدێنت “دێ گۆل” مەجلیسی فەڕانسەی بێ ئیختیار کرد و خوازیاری دانانی یاسای بنەڕەتیی نوێ بوو و لە ساڵی ١٩٦٨ ئامادەباش بە ئەرتەشی فەڕانسە درا تا لە ئەگەری پێویستدا تانکەکانیان بێننە سەر شەقام.

ئەوەی وترا لێدوانێکی کورت بوو سەبارەت بە ڕۆڵی دیموکراسی پەرلەمانی بۆ حکوومەتی سەرمایەداران. هەربۆیە وەک بینیمان حکومەتی بۆرژوازی شتێکی ئاڵۆزتر و بەرینترە لەوەی کە لە ئەدەبیاتی بۆرژوازیدا بە کابینەی هەڵبژێردراوی پەرلەمان ئاماژەی پێدەکرێ.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co