مەسعوود ستایش، وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی گوڵان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەواڵی پەسەندکرانی حوکمی لەسێدارەدانی “جەمشید شارمەهد” لەلایەن دیوانی باڵای ڕژیمی پشتڕاست کردەوە.
جەمشید شارمەهد، چەند ساڵ پێش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕژیمەوە لە وڵاتی ئیمارات ڕفێندرا و لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕژیمەوە لە تاران، تۆمەتی “موفسیدی سەر زەویـ”ـی خرایە پاڵ و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی، داوای کردبوو کە بە خێراترین کات سزای سێدارەی جەمشید شارمەهد هەڵبووەشێننەوە.
لێبووردنی نێونەتەوەیی لە نامەکەیدا بۆ غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی لە سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد، نووسیبووی: ئەو هاووڵاتییە ئێرانی- ئەمریکاییە لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا تۆمەتی موفسیدی سەر زەویی خراوەتە پاڵ و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
شایانی باسە کە جەمشید شارمەهد هاووڵاتیی ئێرانی- ئەمریکایی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لەلایەن ئیتلاعاتی ڕژیمەوە لە وڵاتی ئیمارات ڕفێندرا.