وەزارەتی ناوخۆی تورکییە ڕایگەیاندووە، لە ماوەی یەک حەفتەدا هەزار و ٢١٢ کۆچبەریان دیپۆرت کردووەتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکییە ئاشکرای کرد، لەماوەی یەک هەفتەدا دوو هەزار و ٨٢٥ کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراوە و هەزار و ٢١٢ کۆچبەری دیکەش دیپۆرتی وڵاتی خۆیان کراونەتەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، ٧٧٣ کەس لە دەستگیرکراوان هاووڵاتی ئەفغانستانین ٥٦یان پاکستانی و هەزار و ٩٩٦ کەسیش خەڵکی وڵاتانی دیکەن. جیا لەوەش لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییدا لە ماوەی ٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ تا ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ٤٢ هەزار و ٥٤٩ کۆچبەری نایاسایی رەوانەی وڵاتی خۆیان کراونەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا رێگری لە هاتنی ١٠٦ هەزار و ٦٠٧ کۆچبەری نایاسایی کراوە.