بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە، ١ی ڕێبەندان، سینا دەشمیر، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گەزگەسەک”ی سەر بە پیرانشار، پاش ئەوەی کە لە لایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکان لە پیرانشار بانگ کراوە، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی نەغەدە کرا.
پێشتر ئەو هاووڵاتییە لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە نەیارەکانی ڕژیم” سزای ٤٠ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی “دروشم نووسی و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی”، سزای ٣۵ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە سزای ٤٠ مانگ بەندکردنی ئەو هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێت. شایانی باسە، سینا دەشمیر لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان لە پیرانشار بە تۆمەتی “هەوڵی تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی گشتی” سزای سێ مانگ بەندکردن و لێدانی ٤٠ زەربە شەلاق و هەروەها سزای پێبژاردنی پێنج ملوێن تمەن، بەسەریدا سەپاوە. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری پارەکە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک لە ٢۵ڕێبەندانی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتەی چوار ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.