بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێنج هاووڵاتیی بە ناوەکانی “ئارمان سوهرابی”، خەڵکی شاری دیواندەرە، “جەبار مەحموودی” خەڵکی شاری جوانڕۆ، “محەممەد مۆرادی نژاد” خەڵکی شاری کامیاران، و “ئارمان کووهی و ئۆمید خوسرەوی” خەڵکی شاری قوروە، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بە شێوەیەکی توندووتیژانە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، ئارمان سوهرابی مامۆستای قوتابخانە و خەڵکی شاری دیواندەرە لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هاوکات محەممەد مۆرادی نژاد، خەڵکی گوندی “ئەڵک”ی سەر بە شاری کامیاران و فەرمانبەری بەڕێوەبەریی سامانە سروشتییەکان لەو شارە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەمشارە بانگ کراوە و دوای سەردانی بۆ ئەم ناوەندە، دەستبەجێ دەستبەسەر کرا. لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی جەبار مەحموودی، کۆمێدیکار و بلۆگەر، حەفتەی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەستبەسەر کراوە و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە. هەروەها کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە قوروە، هەڵیانکووتایە سەر ماڵی “ئارمان کووهی” و “ئومێد خەسرەوی” خوێندکاری باڵای بەشی کارناسی ئەندازیاری نەرم ئەفزار لە زانکۆی کوردستان لە سنە و دەستبەسەریان کردوون.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو پێنج هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و هەروەها بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان لەسەر چارەنووسی کوڕەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.