بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی “فەخریە ئومێدی” و “بەتوول ئومێدی”، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکران و بۆ بەشی قەرەنتینەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئیلام گواستراونەتەوە.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە دوای تۆمەتبارکرانیان بە “پڕوپاگەندە کردن لە دژی نیزام” بۆ زیندانی ئیلام گواسترانەوە. شایانی باسە، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کەشێکی تۆقێنەریان بەسەر ئەم شارەدا سەپاندووە و چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیان خستووەتە ژێر گوشارەوە. پێویستە ئاماژە بکرێت کە لە سەروبەندی ساڵیادی کوژرانی مەهسا ئەمینی و لە ماوەی ١٢ ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم ٩٩ کەس لە سەرانسەری ئێران لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون.