ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، دە هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی “سەفورە مەلەکی، عەزیم یادگاری، حسێن باپیروەند، سەعدوڵڵا ئانینی، فەرشاد ئانینی و سەعید جەمشیدی”، شەش هاووڵاتی خەڵکی دێهلۆران، “ناسر ڕەزایی، نەعیم ڕەئیسی و محەممەد دانیالی” خەڵکی ئابدانان لەگەڵ “دکتۆر بەختیار مەحەمەدزادە”، خەڵکی دەڕەشار، دوای بانگکران و سەردانکردنیان بۆ دادگای شاری دێهلۆران دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دە هاووڵاتییە دوای لێکۆڵینەوەیەکی کورت و دەستبەسەر کرانیان، لە دادگای شاری دێهلۆرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام گواسترانەوە. تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری بانگکران و دەستبەسەر کردنی ئەم دە چالاکە لەبەر دەستدا نییە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەک بە ناوی “سەجاد محەممەدی عالیبری”، وەرزشوان و خەڵکی شاری شابادی سەر بە پارێزگای کرماشان لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە. شایانی باسە، ئەم وەرزشوانە کە ئەندامی بەڕیوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی ئەو شارەیە، بە تۆمەتی “ڕەخنەگرتن لە بەرنوێژ”ی فەرمیی شاری شاباد، دەستبەسەر کراوە.