سێ هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی “سیاوەش قەسابیان، ئومێد داسار و براکەی بەناوی فەرید داسار” لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کران و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە،، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی جۆزەردان، هێزەکانی ڕژیم دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی فیروزیان، سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێیەیان بە ناوەکانی “سیاوەش قەسابیان و ئومید داسار” دەستبەسەر کرد. شایانی باسە، ئەم هێزانە سیاوەش قەسابیانیان لە ماڵەکەی خۆیدا و ئومێد داساریان لە هۆڵێکی زەماوەندا دەستبەسەر کردووە. هەروەها یەک ڕۆژ دوای ئەم دەستبەسەرکردنانە، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردان، فەرید داسار لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەتاکاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دروانەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە لەبەردەستدانییە.