ئەرسەلان دیوارگەر، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە و دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی “سەلام مەحموودی” و “مستەفا ئۆفتادە” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی پێنجشەممە ۶ی ڕەزبەر، ئەرسەلان دیوارگەر، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە دەستبەسەرکراوە. جێگای ئاماژەیە، ئەرسەلان دیوارگەر، پێشتر ولە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانباری پارەکە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرابوو و دوای ماوەی ۵٢ ڕۆژ، لە ڕیکەوتی ٩ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی ئازاد کرابوو. هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، مستەفا ئۆفتادە ۴٣ ساڵە و خەڵکی گوندی کارخانە قەند سەر بە پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنی نادیار گواسترایەوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژێک پێشتر واتە ۵ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتابووە سەر بازاڕچەی سنووری پیرانشار و سەلام مەحموودی، ۵٨ ساڵ و خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە. شایانی باسە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستبەسەرکردنی سەلام مەحموودی لە پێبەندی ئاسنی کەڵکیان وەرگرتووە و ناوبراو بە شێوەیەکی دڕندانە بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.