سێ هاووڵاتیی بە ناوەکانی “ئەرژەنگ مۆرتەزەوی”، “موستەفا دێهقانی تل گردویی” و “مەنسوورە عێرفانیان”، ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕەزبەر، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەرژەنگ مۆرتەزەوی خوێندکاری زانکۆی خارەزمی و دانیشتووی شاری کەرەج پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی پارەکە، دەستبەسەر و دوای ٦٧ ڕۆژ زیندان، لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ لە زیندان ئازاد کرابوو. هەروەها موستەفا دێهقانی تل گردوویی تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی بەندەرعەباس، هەمان ڕۆژ بە دوای بانگکرانی بۆ لقی سێ لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی ئەمشارە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سپا دەستبەسەر کرا. لە لایەکی دیکەوە، هەر لە ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕەزبەر، مەنسوورە عێرفانیان، چالاکی سێنفی موعەلیمان، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مەشهەد دەستبەسەر و ڕاپێچی زیندانی وەکیل ئابادی ئەمشارە کراوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆئمەتانەی کە دراوەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە، لەبەر دەستدا نییە.