بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، عەبدوڵڵا عەبدولمەلەکی، مامۆستای خانەنشینکراوی قوتابخانە و خەڵکی شاری قوروە، لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستایە دوای ئەوەیکە لەسەر سووکایەتیکردنی هێزەکانی سپای پاسداران بە کچانی ناڕازی، ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە و بە مەبەستی دۆسیەسازی ڤیدیۆیان لەو کچانە تۆمار کردووە، لە شەقامێکی شاری قوروە دەستبەسەر کراوە. هاوکات لوقمان بیداری، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز لەناو نەخۆشخانەی “خومەینی”ی ئەو شارە بە هۆکارگەلێکی ناڕوون لە لایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کراوە. ئەم دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە، بۆ شوێنی نادیار گواسترانەتەوە و هێشتا بارودۆخیان ناڕوونە.