فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی دوو تابعییەتی لە سەردەشت
پێنجشەممە ۲۱-۰۴-۱۴۰۳   |  11-07-2024

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕ، هادی زاهیری، هاووڵاتیی دوو ناسنامەیی خەڵکی شاری سەردەشت و دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
شایانی باسە، هادی زاهیری ئەو ڕۆژە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت بانگ کراوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکراوە. ناوبراو ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئەو ئیدارەیە بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کراوە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی هادی زاهیری، هێزەکانی ئیتلاعات هاوکات دەستیان بەسەر پاسپۆرتی ئەو هاووڵاتییە، هاوژین و دوو منداڵەکەیاندا گرتووە. ئەو هاووڵاتییە دوای ١٧ ساڵ مانەوە لە نۆروێژ، مانگی ڕابردوو بەمەبەستی دیتنەوەی بنەماڵە و کەس‌وکاریان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە چووەتە تاران و لەوێوە ڕۆیشتووەتەوە بۆ زێدەکەی خۆی. جێگای ئاماژەیە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.