بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕۆژی هەینی ١٤ی گوڵان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هێرشیان کردوەتە سەر ماڵی “حەمزە جەعفەری” ناسراو بە بەردین لە هونەرمەندان و چالاکانی مەدەنی شاری گیەڵان و دەستبەسەریان کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا کە دەمووچاویان بە دەمامک داپۆشیبوو و چەکداریش بوون، لە سەر دیوارەوە چوونەتە نێو ماڵی بەردین و کەشێکی ترسناکیان بۆ بنەماڵەکەی خوڵقاندووە. جێگای ئاماژەیە،
بەردین جەعفەری پێشتر بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی، نەورۆز و بەرخۆدانی عەفرین سروودی (ژن، هاوزوان، یەکەشناس ونیشتمان) ی بە زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە.
شایانی باسە، بەردین جەعفەری سەرەڕایی چالاکی هونەری، لە بواری مەدەنیش چالاکی هەبووە و لە کاتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماوی سەرپێڵ زەهاو و لافاوی لوڕستان ڕۆڵێکی کارای هەبووە. بە هەژماری ئەم حاڵەتە و بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو، لانیکەم ٣٢ هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان بە هۆی بەڕێوەبردن و بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، لە شارەکانی کارزان، ئاودانان، مەڵکشایی، ئیلام، گیەڵان، بۆکان، سنە، پیرانشار، میاندواو و شنۆ دەستبەسەر و بە سەدان کەسی دیکەشیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکردووە.