ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ، “حەسەن ئەمینی”، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان، دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی ئەمشارە، دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانیی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.
ناوبراو پێشتر، لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” حوکمی شەش مانگ و نیو بەندکران و لێدانی ٤٠ زەربە شەلاق مەحکووم کرابوو. حەسەن ئەمینی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی پووشپەڕی هەمان ساڵ، لەگەڵ چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردوودانی ئاخێزی جەماوەریی شاری سنە، دیواندەرە و دێهگۆلان لە کاتی گەڕانەوەیان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی گیانبەختکردوودانی ئاخێزی جەماوەریی شارەکانی سەقز و بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان گواسترابوونەوە. ناوبراو لە ئاکامدا لە ڕێکەوتی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی شاری بۆکان ئازاد کرابوو.