ماڵی هاوژینی “شەیدا ڕەحیمی” بە ناوی وەلی قەڵوەزی، بە بڕیاری لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران، لە لایەن ناوەندی جێبەجێکردنی بڕیاراتی خومەینی، لە شاری سنە دەستی بەسەردا گیراوە و بڕیارە لە ڕۆژی ١٠ی ڕەشەممە دابنرێت بۆ فرۆش.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم خانوویە بەپشتبەستن بە مادەی ٤٩ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەردا گیراوە کە بەگوێرەی ئەو بەندە، حکوومەت پابەندە بە دەستبەسەر داگرتنی موڵک و سامانگەلێکی وەک “سوو، داگیرکراو، بەرتیل، گەندەڵی، دزی، قومار و خراپ بەکارهێنانی وەرەستا” دەستیان بەسەردا بگرێت و بیانگەڕێنێتەوە بۆ “خاوەنە سەرەکییەی” و لە ئەگەری نەبوون و نەدۆزرانەوەی خاوەنەکەی، بیانداتە بەیتولماڵ.
بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ماڵی وەلی قەڵوەزی بە بیانووی یاسیای “دوور لە ئەمانخوازی”ی شەیدا ڕەحیمی و بەپشتبەستن بە ماددەی ١١ی ئایینامەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکانی پەیوەست بە مادەی ٤٩ی یاسای بنەڕەتی دراوە. بەگوێرەی ئەم مادەیە، “ماڵی ئەو کەسانەی وا ئێران بەجێ دەهێڵن و بەڵگەی هاوکارییان لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانەوە ئاشکرا دەکرێت، لە ئەمانەت دەردێت و بە بڕیاری دادگا دەستی بەسەردا دەگیردرێت”. جێگای ئاماژەیە، شەیدا ڕەحیمی، ژنە چالاک و یەکێک لە ئەندامانی گرووپی دایکانی ئاشتی، ڕێکەوتی ٢٦ی گوڵانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی “قەسریان”ی شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. دواتر پاش ١٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و دوای ئازادبوونیشی، بەهۆی گوشاری ناوندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە ناچار بوو لە هاوینی هەمان ساڵدا زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت.