یەک مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی فیرووز عەبدوڵڵاهی، نووسەری خاوەن پێداویستی تایبەتی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تێدەپەڕێت و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە. بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی فیرووز عەبدوڵڵاهی، ئەم هاووڵاتییە لە دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە و هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە. فیرووز عەبدوڵڵاهی، نووسەری شەش کتێبی بواری منداڵانە و بۆ ماوەی چەند ساڵێکە لە گۆڕەپانی “هەڵۆ”ی شاری سەقز خەریکی کاری دەستفرۆشییە. هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم نووسەرە خاوەن پێداویستیی تایبەتییە لەبەردەستدانییە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بەدەستمان گەیشتوون، ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، لە هێرشێکدا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم فیرووز عەبدوڵڵاهی یان دەستبەسەر کرد. هەروەها دەستیان بەسەر چەند کەلوپەلێکی تاکەکەسی و مۆبایلی ناوبراودا گرت.