ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوە، موحسین ڕەسووڵزادە، هاوولاتی تەمەن ٣٩ ساڵی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لەو شارەوە دیسان دەستبەسەر کرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و دوای دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لە کوردستان دەستبەسەر کراوە.
شایەنی باسە کە موحسین ڕەسووڵزادە، ڕۆژی هەینی ١١ی سەرماوەزی ۱۴۰۱ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.