ڕۆژی سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی سولەیمان ئەحمەدی لە گوندی سەیداوا و دەستبەسەریان کردووە. هاوکات هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی سینگان و گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵیان بە ناوی موبین دەهار بەبێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر کردووە. لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، سەمەد شابۆیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی شاوانە دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەرکراوە. جێگای ئاماژەیە کە، برایەکی سەمەد شابۆیی بەناوی سیامەند شابۆیی کە لەچالاکانی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە نزیک شاری هەولێر؛ پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کرا. هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەو سێ کەسە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدا نییە.