دەستبەسەرکرانی لاوێک لە شاری سنە
چوارشەممە ۰۲-۱۲-۱۴۰۲   |  21-02-2024
لاوێکی خەڵکی شاری سنە و خوشکەزای پەیمان مینبەری، هاووڵاتیی گیانبەختکردوو لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەممە، زانا مینبەری لاوی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارە دەستبەسەرکرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە گەڕەکی حاجی ئاوا لە شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەرکراوە.
شایەنی باسە کە زانا مینبەری، خوشکەزای پەیمان مینبەری لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا، لە شاری سنەیە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.