هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بەناوی میلاد مستەفەوی، ڕاهێنەری وەرزشی ئەسپسواری، پاش ڕۆشتنی بۆ ئیدارەی وەرزش و لاوانی شاری بۆکان، بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکی بەناو کاری، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا. دوانیوەڕۆی پێنجشەممە، ٢٣ی خەرمانان، میلاد مستەفەوی، وەرزشکاری خەڵکی بۆکان، دوای بانگکرانی بۆ بینای وەرزش و لاوانی ئەم شارە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا. پێشتر سولەیمان سوارە، سەرۆکی ئیدارەی وەرزش و لاوانی بۆکان پەیوەندی بەم لاوەوە کردبوو کە بۆ چاوپێکەوتنێک سەردانی ئەم ئیدارەیە بکات. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چاوپێکەوتنە پێشوەختە لە نێوان ئیدارەی ئیتلاعات و وەرزش و لاوانی بۆکانەوە پلانی بۆ داڕێژراوە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدانییە.