هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە لە هەفتەی ڕابردووەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، ئاکۆ محەممەدنیا، تەمەن ٣٥ ساڵە و باوکی دوو منداڵ لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئاکۆ محەممەدنیا، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و گەڕانەوەی لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، لە پرسگەی فەیزاوا، لە چەند کیلۆمەتری شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
ئاکۆ محەممەدنیا دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیەوە لە شاری سنە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.