هەڵسووراوێکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسی پێشوو، جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرا.
ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەممە، دانا لەنجاوایی لە هەڵسووراوانی مەدەنی شاری مەریوان،بە بێ هیچ هۆکارێک لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەنجاوایی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی ڕەشەممە لە خانەی دادی گشتی و شۆڕشی شاری مەریوان بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” تۆمەتبارکرا و بڕیاری بەندکرانی یەک مانگەی بەسەردا سەپێندرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان گەڕێندراوەتەوە.
شایەنی باسە کە، دانا لەنجاوایی ساڵی ۱۳۹۱ لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوان بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” سزای یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “تێکدانی ئەمنیەتی گشتی” سزای ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٨٠ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو هەر لەو ساڵەدا دەستبەسەرکرابوو. هەروەها دواتر بەهۆی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیام نووری مەریوان بێبەشکرا.